بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاگاداریی پێشوەختە دەداتە هاووڵاتییان
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە، بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بارانی بەخوڕ ببارێت و بەو هۆیەشەوە ئەگەری زیادبوونی لێڵیی ئاو هەیە.
یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتییەکە روونی کردووەتەوە کە پێشتر گلەیی ئەوە دەکرا تەنیا لە کاتی راگرتنی پرۆژەکاندا هاووڵاتییان ئاگادار دەکرانەوە، بۆیە ئەمجارە بە پێویستیان زانیوە پێشوەختە ئاگاداری بڵاوبکەنەوە و داوایان لە هاووڵاتییان کردووە لەم دوو رۆژەدا عەمباری ئاوی ماڵەکانیان پڕ بکەن، تاوەکو ئەگەر لێڵیی ئاو ناچاریان بکات وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو رابگرن، کێشە لە دابینکردنی ئاو بۆ ماڵەکاندا دروست نەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر جەختیشی کردووەتەوە، ئێستا ئاو بە شێوەیەکی بەردەوام دابین دەکرێت، هەر بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کردووە ئامادەکاریی پێویست بکەن و عەمبارەکانی ئاو پڕ بکەنەوە، هەروەها ئاو بەپێی پێویست بەکاربهێنن و خۆیان لە بەفیڕۆدانی بپارێزن.