هەرێم کەمال ئاغا: یەکڕیزیی کورد لە بەغدا کاریگەر دەبێت

لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆبوونەوەکانی بەردەوامە و هەوڵدەدەن لە نزیکترین کاتدا راپۆرتەکەیان تەواو بکەن و پێشکەشی بکەن، هاوکات جەختیکردەوە، بەشداریکردنی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەی دیالۆگی نیشتمانیدا لە بەغدا، دەنگی کورد بەهێزتر دەکات.

شەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لیژنەکە ئەمڕۆ کۆبووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە راپۆرتەکە پێویستی بە دەوڵەمەندکردنی زیاتر هەیە، بەتایبەتی لە لایەن وەزارەتی پیشەسازییەوە لە راپۆرتەکەدا کەم بووە، بەو پێیەی بەشێکی زۆری بابەتەکە لە رێگەی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە تێدەپەڕێت و پشکی ئەو کارگانەی نەوتی رەشیان پێ دراوە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە. هاوکات روونیکردەوە دەیانەوێت لە راپۆرتەکەدا ژمارەی کارگەکان، ژمارەی ئەوانەی رەزامەندییان پێ دراوە و چۆنیەتیی بەقاچاخبردنەکە دیاری بکەن.

بە گوتەی هەرێم کەمال ئاغا، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی زیاتر لە هەزار وەڵامیان بۆ لیژنەکە ناردووە، جگە لە بەڵگەنامەکانی لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکان کە سەردانی شوێنەکانیان کردووە و هەروەها راپۆرتە هەواڵگرییەکان کە هەموویان لەبەردەستی لیژنەکەدان، و کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ یان سبەی راپۆرتەکە تەواو بکەن.

لە تەوەرێکی دیکەدا و سەبارەت بە کۆبوونەوەی دیالۆگی نیشتمانی بڕیارە سێشەممە لە بەغدا لەسەر دەستپێشخەریی فایەق زێدان ئەنجام بدرێت دوای کۆبوونەوەی دوێنێی پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و بڕیاری بەشداریکردن بە یەک شاندی هاوبەش سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز رایگەیاند، وەک فراکسیۆنی یەکێتی دەستخۆشییان لە دەستپێشخەرییەکەی فایەق زێدان کردووە و پێشبینی دەکات بە هاتنی شاندە هاوبەشەکە بگەنە رێککەوتن.

 ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە دەبێت دەستوور بکرێتە نەخشەڕێگا و سەنگی مەحەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. گوتیشی، عێراق قۆناغ بە قۆناخ بە زۆر ئاستەنگدا تێپەڕیوە و ئێستاش لە قۆناغێکی نوێدایە، بۆیە دەبێت تیمی کوردستان واقیعی ئەمڕۆ بە باشی بخوێنێتەوە و هەنگاو بنێت بەرەو گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، بەبێ ئەوەی ماددە دەستوورییەکان بە شێوەیەکی ئینتیقائی جێبەجێ بکرێن، بەڵکو پێویستە هەموو ئەو ماددە دەستوورییانە جێبەجێ بکرێن کە لایەنەکان لەسەری کۆکن.

سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز ئەوەشی خستەڕوو کە شەپۆلێکی جەماوەری لە سەرتاسەری عێراق لە کوردستانەوە تا بەسرە لە ئارادایە بۆ پشتیوانیکردن لە شەفافیەت، نەهێشتنی گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، و لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە یەکدەنگی و پێکەوەیی پارتی و یەکێتی بێگومان کاریگەریی لەسەر بەهێزبوونی دەنگی کورد لە بەغدا دەبێت.