دلۆڤان محەممەد: ئامادەکاریی تەواومان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای هەوکردنی مێشک کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، تەنیا 12 حاڵەتی تووشبوون بە پەتای هەوکردنی مێشک لە پایتەخت تۆمارکراون، جەختیکردەوە، پەتاکە زۆرتر لە پایزان بڵاودەبێتەوە و منداڵانیش زیاتر لە گەوران تووشی دەبن.

یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر میوان ژووری هەواڵی کوردستان24 بوو و رایگەیاند، پەتای هەوکردنی مێشک نەخۆشییەکی نوێ نییە و لە رابردووش هەبووە، بەڵام مەترسییەکەی ئەوەیە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور بەشێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی کردووە، هەربۆیەش لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواومان بۆ پێشگرتن و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە کردووە.

سەبارەت بە جۆرەکانی پەتای هەوکردنی مێشک دکتۆر دلۆڤان گوتی، پەتاکە دوو جۆری هەیە، یەکەمیان ڤایرۆسی و دووەمیان بەکتریاییە، زۆرترین حاڵەتی تووشبوونیش لە عێراق لە رێگەی ڤایرۆسییەوە بووە،هەروەها نیشانەکانی پەتاکە لە پەتای وەرزی نزیکە و زۆرترین حاڵەتی تووشبوونیش لە پاییزان تۆمار دەکرێت

لەبارەی نیشانەکانی تووشبوون بە پەتاکە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەدا، کەسی تووشبوو لەسەرەتادا تایەکی بەرزی دەبێت و دواتر دەبێتە هۆی دروستبوونی خەواڵوویی و رەقبوونی مل.

دکتۆر دلۆڤان باسی لە رێگاکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە کرد و رایگەیاند ، پەتاکە لە رێگەی پژمین، لیک و دەست لێدان و بەتایبەت لە شوێنە داخراوەکان بڵاودەبێتەوە،هەروەها هۆشداری دا لە بەهەند وەرنەگرتنی پەتاکە و گوتیشی: هەرکاتێک کەسێک هەستی بە تایەکی بەرز و نیشانەکانی دیکە کرد، ئەوا پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشک بکات

سەبارەت بە ژمارەی تووشبووان لە هەولێر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گوتی، لە هەولێر تەنیا 12 حاڵەتی تووشبوون بە پەتای هەوکردنی مێشک تۆمارکراون.

هەروەها هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیچ نیشانەیەکی پەتازانی بۆ تەشەنەسەندن یان زیادبوونی نائاسایی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەرێمی کوردستاندا نییە و پێویست بە دڵەڕاوکێ و راگرتنی پرۆسەی خوێندن ناکات.

دوێنێ شەممە، عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق ئامارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکی لە نێوان ساڵانی 2024 تا 2026 خستەڕوو و رایگەیاند: لە ماوەی ساڵی 2026ـدا 4,358 حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە سەرتاسەری عێراقدا تۆمار کراون؛ هاوکات جەختی کردەوە کە تۆمارکردنی حاڵەتەکان لە سەرجەم پارێزگاکاندا لە چوارچێوەی رێژە پێشبینیکراوەکاندایە.

هەوکردنی پەردەی مێشک (سەحایا - Meningitis) چییە؟

بریتییە لە هەوکردن و ئاوسانی ئەو پەردە پارێزەرانەی (پەردەکانی مێشک) کە دەوری مێشک و دڕکەپەتکیان داوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆس یان بەکتریا لە شلەی دەوروبەری مێشکدا دروست دەبێت.

 جۆرە ڤایرۆسییەکەی باوترە و زۆرجار تووشبووەکە بە ئاسانی چاک دەبێتەوە، بەڵام جۆرە بەکتیرییەکەی زۆر مەترسیدارە و پێویستی بە چارەسەری بە پەلەی پزیشکی هەیە چونکە دەکرێت ببێتە هۆی زیانی هەمیشەیی بە مێشک یان گیانلەدەستدان.