وەزارەتی تەندروستی لەبارەی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ زیادبوونێکی نائاسایی بۆ هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەرێم تۆمار نەکراوە

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیچ نیشانەیەکی پەتازانی بۆ تەشەنەسەندن یان زیادبوونی نائاسایی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەرێمی کوردستاندا نییە و پێویست بە دڵەڕاوکێ و راگرتنی پرۆسەی خوێندن ناکات.

یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، دوای بڵاوبوونەوەی چەند حاڵەتێکی هەوکردنی پەردەی مێشک لە چەند پارێزگایەکی عێراقدا بڵاو کراوەتەوە، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکدا روونی کردووەتەوە، هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی گواستراوەیە و بریتییە لە هەوکردنی پەردەکانی مێشک و دڕکەپەتک، نیشانەی گشتی و تایبەتی هەیە، بە پشکنینی تایبەت پشتڕاست دەکرێتەوە و چارەسەرییەکانیشی بەردەستن.

وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی بە هاووڵاتییان داوە، دۆخەکە ئێستا بە تەواوی لەژێر چاودێری و بەدواداچووندایە، و ئەو حاڵەتانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن تاکەحاڵەتن، هاوشێوەی ساڵانی رابردوون و لەگەڵ پێوەرەکانی پەتازانیی هەموو وڵاتاندا دەگونجێن.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هیچ نیشانەیەکی پەتازانی بۆ تەشەنەسەندن یان زیادبوونی نائاسایی نەخۆشییەکە نییە، و تیمەکانی تەندروستیش بەردەوامن لە چاودێریکردنی قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و دەستنیشانکردن.

وەزارەتەکە دووپاتیشی کردووەتەوە، ئێستا پێویست بە دڵەڕاوکێ و هیچ رێکارێکی پێشوەختە بۆ راگرتنی کاروبارەکان و پرۆسەی خوێندن ناکات، هاوکات هەموو ئامادەکارییەکان بۆ پشکنین، چارەسەرکردن و بەدواداچوون کراون و لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی نوێشدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە.

دوێنێ شەممە، عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق ئامارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکی لە نێوان ساڵانی 2024 تا 2026 خستەڕوو و رایگەیاند: لە ماوەی ساڵی 2026ـدا 4,358 حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە سەرتاسەری عێراقدا تۆمار کراون؛ هاوکات جەختی کردەوە کە تۆمارکردنی حاڵەتەکان لە سەرجەم پارێزگاکاندا لە چوارچێوەی رێژە پێشبینیکراوەکاندایە.

هەوکردنی پەردەی مێشک (سەحایا - Meningitis) چییە؟

بریتییە لە هەوکردن و ئاوسانی ئەو پەردە پارێزەرانەی (پەردەکانی مێشک) کە دەوری مێشک و دڕکەپەتکیان داوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆس یان بەکتریا لە شلەی دەوروبەری مێشکدا دروست دەبێت.

 جۆرە ڤایرۆسییەکەی باوترە و زۆرجار تووشبووەکە بە ئاسانی چاک دەبێتەوە، بەڵام جۆرە بەکتیرییەکەی زۆر مەترسیدارە و پێویستی بە چارەسەری بە پەلەی پزیشکی هەیە چونکە دەکرێت ببێتە هۆی زیانی هەمیشەیی بە مێشک یان گیانلەدەستدان.