کارزان هادی: سەرجەم ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان خاوێن کراونەتەوە

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی: سەرجەم رێڕەوەکانی ئاوەڕۆ، کەناڵەکانی وەرگرتنی ئاو و مەنهۆڵەکان خاوێن کراونەتەوە؛ هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد لە رۆژانی بارانی بەلێزمەدا کەمتر بێنە دەرەوە.

یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی بارانبارین خستەڕوو و رایگەیاند: کە ئەمڕۆ لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەک بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دراوە.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، سەبارەت بەو رێکارانەی پێویست بوون، سەرجەمیان گیراونەتە بەر بۆ خاوێنکردنەوەی رێڕەوەکانی ئاوەڕۆ، ئینلێتەکان، کەناڵەکانی وەرگرتنی ئاو و مەنهۆڵەکان.

هەروەها جەختی کردەوە، بۆ هەر رێکارێکی دیکەی پێویست، کۆمەڵێک هەنگاو بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری و ئاوەڕۆی هەولێردا جێبەجێ دەکرێن؛ دڵنیایی دا کە لە کاتی پێویستدا زانیاری و وردەکاریی زیاتر دەخرێتە بەردەم هاووڵاتییان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کارزان هادی ئاماژەی بەو داواکارییە بەردەوامەیان کرد کە ئاراستەی هاووڵاتییانیان کردووە و گوتی: بەردەوام داوامان کردووە، بە تایبەت لەو رۆژانەی باران بەلێزمە دەبارێت، هاووڵاتییان کەمتر بێنە دەرەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر خوانەخواستە هەر حاڵەتێکیش رووبدات، زیانەکان کەمتر ببنەوە.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دووپاتی کردەوە، لە تەواوی شوێنە پێشبینیکراوەکاندا، تیمەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ئامادە دەبن و ئامێری پێویستیش لەو شوێنانەدا ئامادە دەبن، هاوکات هیوای خواست کە ئەم بارانە ببێتە بارانێکی رەحمەت و بەبێ هیچ زیانێک تێپەڕێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەرێوەبردنی قەیران و کارەسات، هەماهەنگی و ئامادەکاری لە بەرامبەر ئەم شەپۆلەی بارانبارینی ئەم هەفتەیە، لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکاری و رێوشوێنەکانی پارێزگای هەولێر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم شەپۆلەی بارانبارینی زۆر تاوتوێ کران و میکانیزمی هەماهەنگی و کارکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو لە ناو شار و ناوچەکانی دیکە خرانە بەرباس.

شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە و ماوەدرێژ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە مەترسیی دروستبوونی لافاو و پەککەوتنی ژیانی رۆژانەی لێ دەکرێت؛ هەر بۆیە شارەزایانی کەشناسی و فەرمانگەکانی فریاکەوتن زەنگی هۆشدارییان لێ داوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن، بە تایبەت لە سێشەممەدا، تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.