رووماڵی بەشێک لە میدیاکانی عێراق بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیران
بەشێک لە میدیاکانی عێراق بە گرنگییەوە رووماڵی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ بەغدا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (واع)، لێدوانەکەی پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24ـی وەرگرتووەتەوە و نووسیویەتی: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجە و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی سەردانی بەغدا دەکات.
سۆمەرییە نیوز نووسیویەتی: مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، سەرۆک و سەرکردەی حزب و هێزە سیاسییەکان دەبێت و پرسە هاوبەشەکان تاوتوێ دەکات.
ماڵپەڕی شەفەق نیوز نووسیویەتی: سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا تەواوکاریی سەردانی شاندە حکوومییەکەی هەرێمی کوردستانە کە ئێستا لە بەغدان، گفتوگۆکانیشی بە دەر لە پرسەکانی دیکە، لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 چڕ دەبنەوە.
هەروەها وان نیوز بڵاویکردووەتەوە، مەسرور بارزانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق لە سەر پرۆژە بودجەی گشتی 2027 و پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە، سەردانی بەغدا دەکات.
