هاوپەیمانیی نەسڕ: سەردانەکەی مەسرور بارزانی رێگە بۆ چارەکردنی کێشەکان خۆش دەکات

عەقیل رودەینی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی "نەسڕ"
عەقیل رودەینی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی "نەسڕ"

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ پێشوازی لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم جۆرە سەردانانە کێشەکان چارەسەر دەکەن و هەماهەنگییە سیاسی و ئابوورییەکان بەهێزتر دەکەن. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، عەقیل رودەینی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی "نەسڕ" لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی رایگەیاند، "پێشوازی لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکەین".

رودەینی جەختی کردەوە، "بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، هاریکارییەکان لەسەر ئاستی سیاسی، ئابووری و ئەمنی بەهێزتر دەکات. هەروەها دامەزراوەکانی دەوڵەت پتەوتر دەکات و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەنتەرەوە دەبەستێتەوە".

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ ئاماژەی بەوە دا، بەردەوامبوونی ئەم سەردانانە دەبێتە هۆی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ چەندین کێشەی نێو دەوڵەتی عێراق، لەوانەش دەرکردنی ئەو یاسایانەی پەکخراون، وەکو یاسای نەوت و گاز و چەندین یاسای گرنگی دیکە.

گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی نەسڕ باسی لە پرسی ئابووری و داهات کرد و رایگەیاند، عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، ئەگەر گفتوگۆی گرنگ و لێکتێگەیشتن هەبێت، داهاتەکانی ئەم وڵاتە بەشی حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیش دەکات. جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە دادپەروەری هەبێت و سامانی گشتی بەپێی رووبەری جوگرافی و رێژەی دانیشتووان بە شێوەیەکی دادپەروەرانەی راستەقینە دابەش بکرێت، ئەمەش ئەو ئامانجەیە حکوومەتی فیدراڵی هەوڵی بۆ دەدات.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو و بڕیارە لەگەڵ سەرکردەی حزب، هاوپەیمانێتی و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق کۆببێتەوە. 

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ عەلی زەیدی و سەرکردەکانی عێراق تاوتوێی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و چارەسەرکردنی  کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.

پێشەوا هەورامانی گوتیشی: لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ حکوومەت و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق سەرنج لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور و یاسا و رێککەوتنەکان دەبێت، بەشێوەیەک چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم کێشەکان بدۆزرێتەوە.

ئەمە دووەم سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە بۆ بەغدا لەمساڵدا، سەردانەیەکی پێشووی لە ئایاری رابردوودا بوو، بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و تاووتوێکردنی دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بوو.