سامی جیزانی: نزیکبوونەوەی عێراق و هەرێم باشترین رێگەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان

سامی جیزانی، گوتەبێژی رەوتی حیکمە رایگەیاند، هەر جۆرە نزیکبوونەوە و لێکگەیشتنێک لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا هەنگاوێکی ئەرێنییە و لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی سیاسی و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وڵاتدایە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، جیزانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی "سەردانە یەکبەدوایەکەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ئاماژەیەکی روونن بۆ دۆخێکی تەندروست و ئاستێکی بەرزی سازانی سیاسی". روونیکردەوە، قۆناغەکانی پێشوو شایەتحاڵی ئەم قەبارەیە لە پەیوەندی و هەماهەنگی نەبوون کە ئەمڕۆ دەبینرێت.

ئەو گوتەبێژە گوتیشی "دیمەنی سیاسیی ئێستا، لە سایەی حکوومەتی ئێستادا، بە زمانی گفتوگۆی روون و ئاشکرا و پەیوەندیی بەردەوامی نێوان هەردوو لا تایبەتمەند بووە". باسی لەوەش کرد، تێڕوانینێکی هاوبەش هەیە و باوەڕی وایە پێویستە بەغدا بەهێز و توانادار بێت، لە هەمان کاتیشدا هەولێر بەهێز و توانادار بێت.

گوتەبێژی رەوتی حیکمە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا "ئەم دەرەنجام و پێشهاتە ئەرێنییانە هەموویان لە یەک بەرژەوەندیدان، ئەویش خزمەتکردنی وڵات و پشتیوانیکردنی سەقامگیریی دیمەنی سیاسییە". دووپاتیکردەوە، نزیکبوونەوەی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان باشترین رێگەیە بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکان، یەکلاییکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکی فەرمیدا گەیشتە بەغدا. بەپێی راگەیەندراوێکی حکوومەت، سەرۆکی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتووەتە بەغدا.

بڕیارە سەرۆکی حکوومەت لەو سەردانەدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و سەرکردە و رێبەرانی پارت و هێزە سیاسییە جیاوازەکان سازبکات. تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانیش لەسەر دۆسیەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 دەبێت، بە جۆرێک ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکات.

هاوکات پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، مەسرور بارزانی لەم سەردانەدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرکردەی پارت و هاوپەیمانییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق بەڕێوەدەبات.

گوتەبێژی حکوومەت روونیکردەوە، سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەی هێزە سیاسییەکان دۆسیەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ و رێگەکانی چارەسەرکردنی کێشە و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکات.

هەورامانی گوتیشی: "کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ حکوومەت و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق جەخت لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان دەکاتەوە بە پشتبەستن بە دەستوور، یاساکان و رێککەوتنە سیاسییە ئیمزاکراوەکان، بە جۆرێک گەیشتن بە رێککەوتنێکی گونجاو و گشتگیر بۆ سەرجەم دۆسیە ناکۆکەکان مسۆگەر بکات".

ئەم سەردانە دووەم سەردانی مەسرور بارزانییە بۆ بەغدا لەم ساڵدا، ئەمەش دوای سەردانەکەی پێشووی لە ئایاری رابردوو دێت، کە تێیدا جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و تاوتوێکردنی دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرابووەوە.