بیرۆکەی رێکخستنی لووتکەی جیهانیی لاوان لە کوردستان لە کوێوە سەرچاوەی گرت؟
لەبارەی سەرچاوەی بیرۆکەی لووتکەکە، یارا بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی "کوردستان فاوندەیشن"، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر بنەمای دیدگای ئارین بارزانی، دامەزرێنەری "کوردستان فاوندەیشن" بۆ بنیاتنان و بەرەوپێشچوونی پێکەوەیی، لە سەرەتای ئەمساڵدا بڕیاری گۆڕینی شێوازی کارکردنیان داوە.
گوتیشی، لە تۆڕی دامەزراوەکەدا لە رێگەی رێکخراوی "ڤۆڵەنتیر کەی ئار دی"ـیەوە 30 هەزار خۆبەخش تۆمار کراون و ساڵانە پێنج بۆ 10 گەنجیان دەناردە لووتکە جیهانییەکانی دەرەوە، بۆیە بڕیاریان دا ئەمجارە لە بری ناردنی چەند گەنجێک بۆ دەرەوە، لووتکە جیهانییەکە بهێنرێتە هەرێمی کوردستان تا گەنجانی جیهان بێنە ناو کوردستان و لەگەڵ گەنجان و وەزیرەکانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و بۆچوون و ئەزموونەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.