وەزیری پەروەردە: بڕیارەکانی وەزارەتەکەمان پەیوەستن بە ژیانی زیاتر لە چوار ملیۆن کەسەوە

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان-کوردستان رایدەگەیەنێت، پشتیوانیی سەرۆکوەزیران و زانیاریی مەیدانی دوو بنەمای سەرەکین بۆ دروستکردنی متمانە و بڕیاردان، ئاماژە بەوەش دەکات کە بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی زیاتر لە 2 ملیۆن قوتابی و مامۆستا و 2 ملیۆن دایک و باوک هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان-کوردستان، تیشکی خستە سەر پرۆسەی بڕیاردان و چۆنیەتیی دروستبوونی متمانە لای بەرپرسان.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا، پێویستە متمانەی خودیی وەزیر لە متمانە بە دروستیی بڕیارەکانی جیا بکرێتەوە و روونیکردەوە: "متمانە لە دوو خاڵی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت؛ یەکەمیان بوونی پشتیوانییەکی روون و ژینگەیەکی دروستی کارکردنە. ئێمە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەست بە پشتیوانییەکی روونی سەرۆکوەزیران و تیمی حکوومەت دەکەین، ئەمەش وا دەکات سەختییەکانی رێگاکە تا رادەیەکی باش نەمێنن."

سەبارەت بە خاڵی دووەم، ئالان حەمە سەعید گوتی: "دەبێت وەزیر تێگەیشتنێکی دروستی بۆ دەسەڵات هەبێت و وەک پێگەیەکی کۆمەڵایەتی سەیری نەکات، بەڵکوو بە ئەرکێکی مێژوویی، ئەخلاقی و ستراتیژی بزانێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پەروەردە قەبارەی بەرپرسیارێتیی وەزارەتەکەی خستە روو و رایگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە بەرپرسیارین لە 1 ملیۆن و 970 هەزار قوتابی و 150 هەزار مامۆستا لە کەرتی حکوومی، جگە لە مامۆستایانی کەرتی تایبەت. واتا هەر بڕیارێک کە دەدرێت بەرکەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ ژیانی زیاتر لە دوو ملیۆن مرۆڤ هەیە و دوو ملیۆنی دیکەش لە دایکان و باوکان لەگەڵ بڕیارەکانی ئەم دامەزراوەیەدا دەژین."

گرنگیی زانیاریی مەیدانی لە بڕیارداندا

ئالان حەمە سەعید جەختی لەوەش کردەوە، کاری وەزیر تەنیا داڕشتنی ستراتیژ نییە، بەڵکو بەدواداچوون و چاودێریکردنیشە، گوتیشی: "بۆ وەرگرتنی بڕیاری دروست، پێویستە وەزیر زانیارییەکی قووڵی لەسەر دامەزراوە و پسپۆڕییەکەی هەبێت و ئاگاداری پێشهاتەکانی جیهان بێت."

لە کۆتاییدا وەزیری پەروەردە بە پێویستی زانی بەرپرسان زانیاریی مەیدانییان هەبێت و دووپاتی کردەوە: "ئەوانەی ستراتیژ دادەڕێژن نابێت تەنیا پشت بە راپۆرتەکان ببەستن، چونکە راپۆرتەکانی سەر مێز هەموو راستییەکانت پێ ناڵێن."