نامه‌يه‌كى كراوه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

ئەم جارەش جەنابی سەرۆك، بۆ رای گەل گەڕایەوە!!

نامه‌يه‌كى كراوه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
نامه‌يه‌كى كراوه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

ئەم جارەش جەنابی سەرۆك، بۆ رای گەل گەڕایەوە.

مێژوو شاهیدە کە هەموو کات تۆ بۆ گەلێك ژیاوی، ئەم گەلەش هەر بە ئومێدی تۆوە لەسەر ئەم دۆخەی وڵات ئارامی گرتووە.

قوربان بە بیستنی بڕیارەکانت خەریک بوو باڵبگرم و بفڕم، بفڕم بە ئاسمانی کوردستان دا، هاوار بکەم، گەلی ستەمدیدەی کورد، ئیتر ئەم جارەش فریاد رەسی کورد لە پشتتانە، بەو شێوە لەناو چنگی دڕندەکان ناتانهێڵێت، هەر وەك چۆن لە رۆژانی رابردوو دەستی بەسەر ملیاران دیناری قوتی ئەم گەلەدا گرت، کە کۆمپانیایه‌ک لێی سوودمەندبوو، ئەوا ئەمڕۆش بە پاکسازیکردن و ڕیشەکردنی ئەوانەی لەسەر گیرفانی ئەم خەڵکە خۆیان دەوڵەمەند کردووە دەستیپێکرد، دەستت خۆش.

بەرێز سەرۆکی وڵات، من هیچ گومانم لە دڵسۆزی و راستی و دروستی بەرێزتان نییە، دڵنیام تۆ بەوپەڕی بەرپرسیارییەوە، بۆ بەختەوەری و خۆشکردنی بژێوی گەلەکەت ژیاوی و دەژی، بەڵام تکا دەکەم با لێژنەکەت، لێژنەیه‌ك بێت لە خۆتبن، وەکو تۆ بن، هەڵقوڵاوی سۆزی تۆبن، تەنها و تەنها پێت نەڵێن بەڵێ و راستگۆنەبن، بێ جیاوازی، بێ چاو پۆشین لە ئەندامێکی سادەوە با دەست پێبکەن تا گەورەترین بەرپرسی پارتیمان، ئێمە پشتەوانتین پشتگیرین، بۆ هەوڵەکانت بە مان و نەمان لەگەڵتین.

گەورەم، گومان لەوەدا نییە هەموو کات بڕیارەکانت لە بەرژەوەندی گەلەکەت بووە، بەڵام بەداخەوە نادڵسۆزانی دەورو بەرەکەت و کەسانی سو‌دمەند، نەیانهێشتووە بڕیارەکانت وەکو خۆی بکەونە واری جێبەجێکرن، بۆیە تکا دەکەین، من لە کاتی بڵاوبوونەوەی بڕیارەکانت لەناو خەڵك بووم، ئەم خەڵکە كه‌سوكارى شەهید و ئەنفال و دەربەدەری و پێشمەرگە و فەرمانبەرە، هەلهەلەیان بۆ دڵسۆزی و راست و دروستی جەنابت لێدەدەن، دڵخۆشن، دەست لە ئاسمان نزا دەکەن، سوپاسگوزاری یەزدان و تۆی سەرۆکن، بۆیە تکا دەکەم سەرپەرشتی راستەوخۆی لێژنەکانت بکە، دڵی سووتا و کەرب و کینی گەل و ئاخ و ئۆفی دایکە شەهیدێك و کەسوکاری پێشمەرگەی سەنگەرێك و گلەیی و گازاندەی فەرمانبەرێك، ئیتر بە کۆتابێنە، چونکە هەموومان بەتۆوە دەنازین، بە تۆوە لەم قەیرانە ناترسین، بەبوونی تۆوە بۆ ژەمێك خواردنی خۆش پەرۆش نابین، بەڵام بۆ نەختێك دادپەروەی و عەدالەت و یەکسانی زۆر زۆر پەرۆشین، دە ئەوجا تۆش مژدەی سەرکەوتن رابگەیه‌نە و با پێکەوە بۆ ریفراندۆم بە ئاهەنگەوە بچین.