لەبارەی تەندروستی عەبدولی حەمەجوان روونکردنەوە دەدرێت
دەنگۆیەک لەبارەی تەندروستی عەبدولی حەمەجوان رەتدەکرێتەوە
K24 – هەولێر
هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند عەبدولی حەمەجوان رەتدەکرێتەوە و کەسێکی نزیک لەو هونەرمەندە رایدەگەیەنێت، تەندروستی زۆر باشە و ئەو دەنگۆیەی بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە.
کەسێکی نزیک لە عەبدولی حەمەجوان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیەی لەبارەی کۆچی دوایی عەبدولی حەمەجوان بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە، بەڵکو تەندروستی زۆر باشە".
گوتیشی: "بە داخەوە بەشێک لە پەیجەکانی سۆشیال میدیا نابەرپرسانە هەواڵ لەبارەی کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان بڵاودەکەنەوە".
ئەمە دوای ئەوە دێت چەند کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند عەبدولی حەمەجوان-یان بڵاوکردووەتەوە، لە کاتێکدا تەندروستی ئەو هونەرمەندە جێگیرە.
هونەرمەند عەبدولی حەمەجوان، یەکێکە لە ئەکتەرە ناسراوەکان بواری شانۆ و دراما، لە ماوەی رابردوودا بەشداری لە چەندین شانۆ و زنجیرە دراما دا کردووە.
بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیە لە کاتێکدایە دوێنی هونەرمەند عەبدولی حەمەجوان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هونەرمەندی هەر چوار پارچەی کوردستان داوای ئاشتەوایی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانیان کرد.
لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا بەشداری لە بەرنامەی یاد و یادگاری کوردستان24 کرد، لەمیانی بەرنامەکەدا باسی لە ژیانی تایبەتی خۆی و کارە هونەرییەکانی کرد.