دابەشکردنی خۆراک لە قوتابخانەکان دەستپێدەکات

پڕۆژەکە 13 پارێزگای عێراق دەگرێتەوە

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ پڕۆژەی دابەشکردنی خۆراک لە قوتابخانە حکومییەکان لە ساڵی خوێندنی 2021 - 2022.

نەجلە رەئوف، بەڕێوەبەری بەشی ژینگە و تەندروستی قوتابخانە لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە بۆ رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی پەیوەست بە پڕۆژەی دابەشکردنی خۆراک لە قوتابخانەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکەن لە هەزار 123 قوتابخانە خۆراک دابەش بکەن.

گوتیشی، پڕۆژەکە لە 13 پارێزگا و 13 قەزا کاری لەسەر دەکرێت.

روونیشیکردەوە، ئەو پڕۆژەیە هاوبەشە لەنێوان رێکخراوی خۆراکی جیهانی و وەزارەتی پەروەردە، بە پاڵپشتی راستەوخۆی هەردوو وەزارەتی پلاندنان و تەندروستی.

ئاماژەی بەوەشدا، پلانی وەزارەت ئەوەیە ژمارەی سوودمەندان بۆ ئەو پڕۆژەیە بۆ ساڵی خوێندنی 2022 - 2023 زیاد بکات، بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدان، کە پاڵپشتییەکی گرنگ دەبێت بۆ قوتابیانی عێراق.