مێسی سه‌رۆكی تۆپی پێی ئارجێینتای ناچار به‌ وازهێنان كرد

شكسته‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی تانگۆ له‌ جامی كۆپا ئامێریكای 2016، چه‌ندان كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌ دوای وازهێنانه‌كه‌ی مێسی كه‌ به‌ شۆكێكی گه‌وره‌ی تۆپی پێ وه‌سف كرا، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی تۆپی پێی ئارجێنتیناش له‌ پۆسته‌كه‌ی كشایه‌وه‌.
ئه‌مرۆ پێگه‌ی Goalـی ئینگلیزی بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ لویس سیگۆرای سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئارجێنتینا به‌ فه‌رمی له‌ پۆسته‌كه‌ی كشایه‌وه‌.

سیگۆرا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ بۆینس ئایرسی پایته‌ختی ئارجێنتینا سازكرا بوو، بریاری وازهێنانی دا و رایگه‌یاند كه‌ ئێستا پشێویه‌كی زۆر له‌ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی تانگۆ هه‌یه‌ و جیا له‌ مێسی زۆر یاریزانی دیكه‌ی دیار ده‌یانه‌وێت بڕیاری وازهێنان بده‌ن.
به‌پێی هه‌واڵی رۆژنامه‌ی Oleـی ئارجێنتینا، جیا له‌ مێسی هه‌ریه‌ك له‌ یاریزانان (ماسكیرانۆ، سێرجۆ ئه‌گوێرۆ، دی ماریا و لاڤێزی)ش به‌ نیازی وازهێنانن له‌ یارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.