ریال مەدرید لەم هەفتەیە سوپرایزی بۆ هاندەرانی هەیە
دووەمین گرانبەهاترین یاریزان لە مێژووی یانەکە دەگوازێتەوە
فلۆرێنتینۆ پێڕێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەیەوێت لەم هەفتەیە دوو بۆمبی گەورە لە مێرکاتۆی هاوینەی یاریزانان بتەقێنێتەوە، بۆمبی یەکەمی تەوقیت کردووە بەس ماوە بیتەقێنێتەوە و ئێستا نۆرەی تەوقیتکردنی بۆمبی دووەمە.
ریال مەدرید لەگەڵ لایپزیگ لەسەر یان دیۆماندی یاریزانی لاوی کۆتدیڤواری رێککەوتووە و بەرامبەر 120 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە 19 ساڵانە دەگوازێتەوە ریزەکانی.
بێنس جاکۆبس رۆژنامەنووسی بەناوبابنگی بەریتانی دەڵێت: کاتێک ریال مەدرید زانی ناتوانێت مایکڵ ئۆلیسێ بگوازێتەوە ریزەکانی و لەم هاوینە بایرن میونشن دەستبەرداری نابێت، یەکسەر بە رەزامەندیی جۆزێ مۆرینیۆ دەستیان بە هەوڵەکانیان کرد بۆ ئەوەی یان دیۆمانێ بگوازنەوە، مۆرینیۆ بە بەرپرسانی ریال مەدریدی گوتووە، هەرچی دەکەن بیکەن، گرنگ ئەوەیە من بۆ وەرزی داهاتوو یاریزانێکی خێرا و گەنجم دەوێت.
ریال مەدرید ئۆفەری یەکەمی بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی لایپزیگ کرد بەڵام هەرزوو یانە ئەڵمانییەکە رەتیکردەوە، مەدریدییەکان لە ترسی ئەوەی لیڤەرپوول یان پاریس سانجێرمان ئەو ئاسکە ئەسمەرەیان لەدەست بڕفێنێت، یەکسەر ئۆفەری دووەمیان بە بەهای 120 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی لایپزیگ کرد و سانتی ئۆنا رۆژنامەنووسی بەلجیکی دەڵێت: هەموو شتێک تەواو بووە و دیۆماندی وەرزی داهاتوو درێسی ریال مەدرید دەپۆشێت و دەبێتە دووەمین گرانبەهاترین یاریزان لە مێژووی ریال مەدرید.
خۆسیێ فیلێکس دیاز رۆژنامەنووسی ئیسپانی دەڵێت: ریال مەدرید لە گواستنەوەی ئۆلیسێ بێ هیوابوو، یەکسەر مۆرینیۆ داوای دیۆماندێی کردووە، ئەمڕۆ کاتێک گرێبەستی دیۆماندێ یەکلایی بووەوە لە مەدرید و ڤالدێبێباس هەمووان شۆک بوون، ئەم گرێبەستە وەکو بۆمبێک وابوو.
دیۆماندێ تەمەنی 19 ساڵانە، ساڵێک لەمەوبەر لە لیگانێسی ئیسپانی یاریی دەکرد و 10 یاریی بە درێسی ئەو یانەیە کردووە، هاوینی 2025 بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ چووە لایپزیگ و ئیستا لە بۆرسەی یاریزانان نرخەکەی 90 ملیۆن یۆرۆیە.
ئەم یاریزانە کۆتدیڤوارییە ئەم هاوینە لە مۆندیالی 2026 لە چوار یاری 332 خولەک یاریی کرد و ئەسیستێکیشی کرد، خاوەنی 14 یاریی نێودەوڵەتییە. لەگەڵ لایپزیگ لە 36 یاری 13 گۆڵ و 10 ئەسیستی کرد و بە خێراییەکەی بەناوبانگە.