ئەوەى دوێنێ دیفاکتۆ بوو ئەمڕۆ یاساییە

ئەوەى دوێنێ دیفاکتۆ بوو ئەمڕۆ یاساییە
ئەوەى دوێنێ دیفاکتۆ بوو ئەمڕۆ یاساییە

بە متمانەیەکى زۆرەوە، دەتوانین بڵێین ئەم رێککەوتنەى ئەمڕۆ واژوو کرا تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، رێککەوتنێکى مێژووییە لە ئابوورى کوردستان و تەنها رێککەوتنێکى کاتى نییە، بەڵکو بنەمایەکە بۆ یاساى بودجە و یاساى نەوت و غاز، کە ئەمەش لە خۆیدا دەبێتە هۆکارێکى یاسایى بۆ گۆڕینى نەخشەى ئابوورى لە هەرێمى کوردستان لە لایەک و چوونە ناو نەخشەى ئابوورى جیهانەوە لە لایەکى تر.

لە رابردوودا گەورەترین لەمپەر لەبەردەم هەرێمى کوردستان ئەوە بوو کە نابێت خاوەنى ئابوورى بەهێز و سەربەخۆ بێت و نابێت نەوت دەربهێنێت، ئەوە بوو جەنابى سەرۆک بارزانى وەک هەمیشە کە لەسەر مافە نەتەوەییەکان تەحەداى تا سەر ئێسکى کردووە و نەوت دەرهێندرا، پاشان رازى نەدەبوون بە هەناردەکردنى و ئەوەش بە پێداگرى بووە دیفاکتۆ، بەڵام کێشەى یاسایى زۆر بۆ دروست دەکرا و کۆسپ بۆ هاتنى کۆمپانیاکان دروست دەکرا، له‌ کۆتاییدا بە پێى ئەم رێککەوتنە، چیتر نەوتى هەرێم کێشەى یاساییبوونى نییە و هەرێمى کوردستان بەرەو پێشکەوتنێکى ئابوورى گەورە دەبات، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەى پێرێ بڤە بوو و دوێنێ دیفاکتۆ بوو ئەمڕۆ یاساییە و بۆ سبەینێش ئاسۆیەکى روونترە.

ئەوەى کە شایەنى باسە حکومەتەکەى بەڕێز سودانى نیازپاکى پێشانداوە بەرامبەر بە حکومەتەکەى بارزانى، حکومەتى ئێمەش لەسەر بنەماى دەستورى و یاسایى هەماهەنگى بەیان کردووە، بۆیە زۆر پێویستە لە قۆناغى داهاتوو بۆ سەرکەوتن و پەرەسەندنى ئەم لێکتێگەیشتنانەى هەردوو حکومەتەکە، هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە گشتى و بەشداربووانى حکومەت بە تایبەتى هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ سەرۆکى حکومەتەکەیان، چونکە هەنگاوى تر زۆر ماوە کە لە ئاواتخوازى رێزدار مەسروور بارزانییە ئەنجامى بدات و گرنگترینیان فره‌چه‌شنکردنی سەرچاوەکانى داهاتە، کە لە ئابوورى تاک ئاراستەیى دەربازبین و تەنها پشت بە نەوت نەبەستین، بەڵکو کشتوکاڵ و پیشەسازى و خزمەتگوزارییەکان و گەشتوگوزارى و هتد پێکهێنەرى ئابوورى کوردستان بن، هەروەها رێکخستنەوەى په‌یکه‌ری کارگێرییە، بە چەشنێک کە رێگر بێت لە رۆتین و گەندەڵى و، دروستکردنى رێگاوبانى نێودەوڵەتى و ستراتیژى، کە ئەمانە هەمووى دامەزراندنى ژێرخانى وڵاتن و ئەرکێکى گەورەن.

ئەوەندەى من ئاگادارى کاری ئه‌م کابینه‌یه‌ بم، هەنگاوى زۆر گەورە و جدیم بینیوه‌، کە بەتەواوەتى دۆخى ئیدارى و ئابوورى و ئەکادیمى و زانستى و سەربازى و ئاستى لێهاتوویى فەرمانبەرانى حکومى و کارمەندانى کەرتى گشتى و بازارى کار گۆڕانکارى تەواوى بەسەر دێت. زۆربەى کارەکان لەم کابینەیەدا ستراتیژین و لەسەر بنەماى زانستى داڕێژراون و مەرجى بەپەلە بەرهەم هاتنى تێدا نییە، بەڵکو بە کواڵتى و پێکانى ئامانج بە وردى تێدایە، کە سوودەکەى تەنها بۆ چەند کەس و چەند ناوچەیەک و چەند ساڵێک نییە، بەڵکو زۆر فراوان و درێژخایەنە.

هیوادارم ئەوانەى کێشەى سیاسى و بەرژەوەندى شەخسییان هەیە، هەوڵى ئەوە نەدەن لەمپەر بۆ ئەم هەنگاوانە دروست بکەن و دۆخى خەڵک تێک بدەن، چونکە ئەم هەنگاوانە خۆیان لە خۆیاندا کارێکى ئاسان نین و پێویستیان بە ئیرادەیەکى گشتى هەیە، بەداخەوە ئەوەى لە ئەمڕۆیى هەرێمى کوردستاندا دەیبینین ئەوانەى خۆیان به "که‌مینه‌یه‌کی ناڕازى" دەزانن، خاوەنى پەیامى جدى و بابەتییانە نین، بەڵکو زیاتر کینە و بەرژەوندى شەخسییە و لە برى پشتگیرى و قوربانیدان بۆ قەوارەکەیان دڵخۆش دەبن بە هەر مەترسییەک کە رووبەڕووى ئەم قەوارەیەیان دەبێتەوە، کە خەونێکى لە مێژینەى کورد بوو و خەڵکش ئاڕاستە دەکەن لە رێى راگەیاندنەکانیانەوە کە دژى نیشتمانەکەى خۆیان بن بێ ئاگا لەوەى هەموومان لە ناو یەک کەشتین و یەک چارەنووسمان هەیە، زۆر جار بابەتى زۆر بچوک کە لە زیانى هەرێمى کوردستان بێت گەورەى دەکەنەوە بە خستنەسەر و دەستکاریشەوە و لە هەمان کاتدا دەستکەوتە گەورە و گرنگەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بێ بەها دەکەن و هەوڵە سەرکەوتووەکانى حکومەت بێ نرخ دەکەن، باشترین نمونە لەسەر ئەم دوو حاڵەتە راگرتنى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بوو کە بە شکستێکى گەورەى حکومەتیان وەسف دەکرد و سەیر لەوە دابوو کە دڵخۆشیان دەرەبڕى کە خەڵکى کوردستان دووچارى قات و قڕى دەبێت و لەوەش سەیرتر ئەوەیە کاتێک حکومەتى هەرێم بەسیاسەتى حەکیمانەى سەرۆکەکەى توانى ئەو کێشەیە چارەسەر بکات هەندێکیان بێ بەهاى دەکەن و بەڵکو بە شکستى وەسف دەکەن!

ئاخر ئەمە لە چ یاسایەک جێى دەبێتەوە؟ با واز لە یاساى کوردایەتى و نیشتمانپەروەرییەتى و ویژدان بێنین چونکە باوەڕیان پێى نییە، بەڵام بە یاساى عەقڵ و لۆژیک ئایا دەکرێت دوو کردەى پێچەوانەى یەکتر هەمان ئەنجامى هەبێت؟ لە بیرکاریدا یەک کۆ یەک بکەیت و یەک کەم یەک بکەیت هەمان ئەنجام دەدات؟ ئێستا با پێمان بڵێن هەناردەنەکرن و هەناردەکردنى نەوت هەمان ئەنجام دەردەچێت لاى ئەوان و هەر شکستە؟  

بۆیە لە کۆتاییدا بەو هاوزمان و هاوخاک و هاوخوێنیانەمان دەڵێم مەبن بە دوژمنى خۆتان چونکە دواجار هەر ئیرادەى گەلى کوردستان سەردەکەوێت و حکومەتى هەرێمى کوردستان کە حکومەتى خەڵکە دەستکەوت لە دواى دەستکەوت و سەرکەوتن لە دواى سەرکەوتن تۆمار دەکات و بە وتەکەى جەنابى سەرۆکى حکومەت بە دەستکارى و گونجاندنەوە بۆ دۆخى ئێستاى پاش سەرکەوتن کۆتایى پێدەهێنم: ئەوانەى دوێنێ لەگەڵمان نەوەستان با ئەمڕۆ خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن!