سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان: یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان دەبێت بە دەستوور بێت

پەرلەمانی کوردستان بە نیگەرانییەوە لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڕوانێت و جەخت دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی سیستەمی فیدراڵی و دەبێت ناکۆکییەکان بە گفتوگۆی راستەوخۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، نەک بە هەنگاوی تاکلایەنە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "پەرلەمانی کوردستان بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو راگەیەندراوەی ئەمڕۆ لە لایەن گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوکرایەوە، کە پێشێلی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات."

پەرلەمانی کوردستان روونیکردووەتەوە، "دەستووری عێراق سیستەمی حوکمڕانیی وڵاتی بە فیدراڵی دیاری کردووە، دانی ناوە بە هەرێمی کوردستاندا وەک هەرێمێکی فیدراڵی، مافی پیادەکردنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی پێداوە. هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو سیستەمە فیدراڵییەی دەستووری 2005 بنیاتی ناوە و هەمیشە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای ماف و ئەرکە دەستوورییەکان رێکخستووە."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە وەک دامەزراوەی یاسادانانی هەرێم و نوێنەری ئیرادەی گەلی کوردستان، پاراستنی پێگەی دەستووری و دەسەڵاتە یاساییەکانی هەرێم بە ئەرکێکی نیشتمانی و دەستووریی خۆمان دەزانین. دووپاتی دەکەینەوە کە هەر رێکارێک لە دەرەوەی ئەو رێگەیانەی دەستوور دیاری کردوون، پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لە نێوان ئاستی فیدراڵی و هەرێمدا. هەروەها گیانی هاوبەشی و رێککەوتنی نیشتمانی لاواز دەکات، کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە. ئەم جۆرە رێکارانە لە جیاتی چارەسەر، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن و ئاسایش و سەقامگیریی گشتی دەخەنە مەترسییەوە."

پەرلەمانی کوردستان جەختیشی کردووەتەوە، "بەو پێیەی دەستوور یاسای باڵای وڵاتە، دەبێت یەکلاییکردنەوەی هەر ناکۆکییەک لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمدا لە رێگەی دەقەکانی ئەو دەستوورە و ئەو میکانیزمانەوە بێت کە دیاری کردوون، نەک لە رێگەی لێدوانی میدیایی و هەنگاوی تاکلایەنە."

هەروەها ئەوەی خستووەتە روو، "پێشوازی دەکەین لە هەر هەوڵێک کە ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی و رێگرتن بێت لە پێشێلکارییە یاساییەکان، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەرکارەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم. داواش لە سەرجەم دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکەین گفتوگۆی راستەوخۆ و پابەندبوون بە دەقی دەستوور بکەنە بنەمای رێگەی چارەسەر."