لە پڕۆژەیەکدا عێراق پشکی خۆی بەرامبەر تۆتاڵی فەرەنسی بۆ سەدا 30 کەمدەکاتەوە
K24 - هەولێر:
حکومەتی عێراقی رەزامەندی دەربڕیوە پشکی خۆی لە پڕۆژەی پەرەپێدانی گاز و نەوت لە باشوور بەرامبەر کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی بۆ سەدا 30 کەمبکاتەوە، کە قەبارەی گرێبەستەکە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا فەرەنسییە زیاتر لە 27 ملیار دۆلار بوو.
بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرۆک وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە، پشکی خۆی لە پڕۆژەی پەرەپێدانی نەوت و گاز و وزەی نوێبووەوە لە ناوچەکانی باشووری وڵات لە سەدا 40 بۆ سەدا 30 کەمبکاتەوە، کە مەبەستییەتی پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ماوەیەکی زۆری خایاندووە تاوەکو ئێستا کاری تێدا نەکراوە.
لە بەرامبەردا کۆمپانیای تۆتاڵیش بڵاویکردووەتەوە، دوای کۆبوونەوە و دانوستاندنیان و چوار جار کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڕێوبەری گشتی تۆتاڵ، هەردوو لایەن گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی.
بە گوێرەی رێککەوتنی نوێ، لە پڕۆژەکەدا کۆمپانیای نەوتی بەسڕە خاوەنداری سەدا 30 و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی خاوەنداری سەدا 45 و کۆمپانیای قەتەر بۆ وزە خاوەنداری سەدا 25ـی دەکەن.