لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەیەوێت رێژەی کورتهێنانی بودجە بۆ سەدا 20 کەم بکاتەوە

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ ساڵانی 2023 و 2024  و 2025 دەکات، هەروەها کار بۆ ئەوە دەکات رێژەی کورتهێنان بۆ سەدا 20 کەم بکاتەوە.

ئەندامانی لیژنەی دارایی ئاشکرایان کردووە، کە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە درێژە ناکێشێت و جەخت دەکەنەوە سەرۆک وەزیرانی نەرمییەکی زۆری بۆ فەراهەم کردوون تاوەکو لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەستکاری بڕگەکانی بودجە بکەن.

مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، لیژنەکەیان دەست بە تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە دەکاتەوە، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردن خەرجییە وەبەرهێنانە ناپیویستییەکان کاردەکەن دەکەن، لە هەمان کاتدا ئامانجییانە رێژەی وەرگتنی قەرزەکان کەم بکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئاشکرای دەکات، کارکردن لە پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و پڕۆسەی دەنگدان دواناکەوێت، هەروەها سەرجەم وەزیران بانگهێشت ناکرێن، تەنیا ئەو وەزیرانە نەبن کە گۆڕانکاری لە پشکی وەزارەتەکانیان کراوە، ئەوەش کاتی پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە کەم دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە دەسەڵاتی لیژنەی داراییدایە، خەرجییەکان کەمبکاتەوە یاخود گۆرانکاریان پێ بکات، تاوەکو رێژەی کورتهێنان کەمبکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، سالم عەنبەکی، ئەندامی لیژنەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا هەندێک بابەت لە بودجە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لە دیارترینیان قەبارەی کورتهێنانە کە سەدا 33ـی بودجەی پێکهێناوە ئەوەش بڕێكی زۆرە، بۆیە هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ تاوەکو ئەو رێژەیە بۆ سەدا 20 کەمبکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، قەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی خەمڵێندراوی عێراق زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و نزیکەی 64 ترلیۆن دیناریش کورتهێنانی هەیە.