ئیسرائیل لەبارەی ئۆپەراسیۆنی جنین سوپاسی ئەمەریکا دەکات
K24 - هەولێر
ئیسرائیل سوپاسی ئەمەریکا دەکات لە پشتیوانیکردنی ئۆپراسیۆنی سەر جنین. واشتنیش نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی زیادبوونی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاوا دەردەبڕێت.
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ لۆید ئوستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئەنجامداوە، تێیدا سوپاسی پشتیوانییە بێ مەرجەکانی واشنتنی کردووە بۆ ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە شاری جنینی کەرتی رۆژئاوا.
یواڤ گالانت، ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیلی لەشاری جنین بە "ئۆپراسیۆنی دژی تیرۆری و لەناوبردنی مەترسییەکانی سەر ئیسرائیل" ناوبرد. لەبەرامبەردا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی زیادبوونی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاوا دەربڕی.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 5ـی تەممووزی 2023، دوای دوو رۆژ لە ئۆپەراسیۆن و پێکدادان، سوپای ئیسرائیل دەستی بەکشانەوە لە کەمپی پەنابەرانی جنین لە کەرتی رۆژئاوا کرد. سوپای ئیسرائیل، بەکشانەوەی هێزەکانی لە کەمپی جنین، کۆتایی بە ئۆپراسیۆنەکانیان بۆسەر ئەو ناوچەیە هێنا.
لەماوەی دوو رۆژی پێکدادانەکاندا؛ سوپای ئیسرائیل بە بەشداری زیاتر لە هەزار سەرباز ئۆپراسیۆنێکی فراوانی بۆ سەر شاری جنین لە کەرتی رۆژئاوا ئەنجامدا، بەهۆیەوە 13 فەڵەستینی کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکە برینداربوون. هاوکات، وەزارەتی بەرگری فەڵەستین کوژرانی سەربازێکی ئیسرائیلی لە پێکدادانەکان لەگەڵ کەتیبەکانی قەسام لە کەرتی رۆژئاوا راگەیاند.