دووەم حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە کۆیە تۆمار کرا
K24 - کۆیە:
دووەم حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە قەزای کۆیە تۆمار کرا کە گەنجێکی تەمەن 19 ساڵە.
شیروان جەلال، یاریدەدەری بەرێوبەری گشتی تەندروستی کۆیە بە کوردستان24ی راگەیاند، توشبووەکە دانیشتووی سەنتەری قەزای کۆیەیە و تەمەنی 19 ساڵە و رەگەزی نێرە.
ئاماژە بەوەشدا، پێشتر چارەسەری وەرگرتووە و ئێستا لە نەخۆشخانەکانی ھەولێر لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و پشکنینەکانی بەغدای ھاتووەتەوە و دەرکەوتووە توشبووی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە .
یاریدەدەری بەرێوبەری گشتی تەندروستی کۆیە ئەوەشی خستەڕوو، ماڵی توشبووەکە ئاژەڵدار نین بەڵام دەگوترێ جەژن قوربانیان کردووە و تیمەکانمان چوون لە راستی هەواڵەکە بکۆڵنەوە، ئەگەر وابێت پشکنین بۆ ئەندامانی ئەو ماڵانەش دەکەن کە گۆشتی قوربانیەکیان بۆ چووە.
ئەمە دووەم حاڵەتی تای خوێنبەربوونە کە لە قەزای کۆیە تۆمار دەکرێت، لەکاتێکدا کە یەکەم حاڵەت بە گیانلەدەستدانی نەخۆشەکە کۆتایی هات.
