زوو خواردنی ژەمی بەیانیان تەمەن درێژتر دەکات

زوو خواردنی ژەمی بەیانی کاریگەرییەکی سەرسووڕهێنەری بەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە و دەکرێت ببێتە هۆکارێکیش بۆ تەمەن درێژی.

بە گوێرەی توێژەران، لەگەڵ بەساڵاچووندا کاتی ژەمەکان کاریگەرییان بەسەر تەندروستیی مرۆڤ زیاتر دەبێت، بە تایبەتیش ژەمی بەیانیان دەتوانێت کاریگەری هەبێت بەسەر تەندروستیی مرۆڤ لە مەودای درێژدا.

درەنگ خواردنی ژەمی بەیانیان، دەبێتە هۆی جۆرەها کێشەی تەندروستی، لە نێوانیاندا خەمۆکی و ماندوێتی و کێشەی دەم و ددان و هەروەها ئەگەری مردنی لە ناکاویش زیاد دەکات.

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە گۆڕانکاری لە کاتی ژەمەکاندا، بەتایبەتی کاتی نانی بەیانیان، دەتوانێت وەک نیشانەیەکی ئاسان بۆ چاودێریکردنی باری گشتیی تەندروستی بەساڵاچووان ڕۆڵی هەبێت.

د. حەسەن دەشتی، زانای خۆراک و کاتژمێری بایۆلۆجی لە نەخۆشخانەی گشتی ماساچووتس و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، دەڵێت: "هاندانی بەساڵاچووان بۆ دانانی خشتەیەکی ڕێک و جێگریی ژەمی خۆراک، دەتوانێت ببێتە بەشێک لە ستراتیژی درێژکردنەوەی تەمەن و پیربوونێکی تەندروست".

ئەنجامی توێژینەوەکە چی بوو؟

توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری Communications Medicine بڵاوکراوەتەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ زانیاریی لەسەر نزیکەی 3,000 کەسی پێگەیشتووی لە بەریتانیا کۆ کردووەتەوە، کە تەمەنیان لە نێوان 42 بۆ 94 ساڵ بووە، بەشداربووان ڕاپۆرتیان لەسەر کاتی خواردنی نانی بەیانی، نانی نیوەڕۆ و خوانی ئێوارەیان پێشکەش کردووە لەگەڵ زانیاری لەسەر خوەکانی خەوتن، پیشەیان و تەندروستی گشتییان.

بە گوێرەی تو‌ێژینەوەکە ، هەر دەیەیەکی تەمەن بەستراوەتەوە بە هەشت خولەک دواکەوتن لە نانی بەیانیدا و چوار خولەک دواکەوتن لە نانی ئێوارەدا. ئەنجامەکەش دەریخستووە، دواخستنی نانی بەیانی پەیوەندی بە ژمارەیەکی زیاتری نەخۆشییە درێژخایەنەکان و مەترسیی زیاتری مردنەوە هەبووە. هەروەها کاتژمێرێکی زیادە دواکەوتن لە کاتی نانی بەیانیدا هاوتا  بووە لەگەڵ 8-11% زیادبوونی مەترسی مردن.

حەسەن دەشتی گوتی: "ئەم دۆزینەوانە دەریدەخەن کە دواکەوتنی کاتی ژەمەکان، بەتایبەتی دواخستنی نانی بەیانی، بەستراوەتەوە بە هەردوو کێشەی تەندروستی و زیادبوونی مەترسی مردن لە بەساڵاچوواندا. "ئەوان واتایەکی نوێ بە قسەی 'نانی بەیانی گرنگترین ژەمی ڕۆژە' دەبەخشن، بەتایایەتی بۆ کەسانی بەتەمەن."

باشترین کات بۆ خواردنی نانی بەیانیان

هەرچەندە توێژینەوەکە ناتوانێت بیسەلمێنێت کە خواردنی پێشوەختە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی تەمەن درێژی، بەڵام پسپۆران دەڵێن "بەڵگەکان ئاماژەن بۆ سوودەکانی زوو خواردنی نانی بەیانیان".

کۆرتنی پیتەرسۆن، پڕۆفیسۆری یاریدەدەری خۆراک لە قوتابخانەی تەندروستیی گشتیی هارڤارد تی. ئێچ. چان، دەڵێت: "میتابۆلیزممان بەرنامەڕێژ کراوە بۆ خواردن دوای بەئاگا هاتنەوەمان." وازهێنان لە نانی بەیانی و خواردن لە کاتێکی درەنگتردا دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی گلوکۆز لە کاتژمێرەکانی دواتری ڕۆژدا، کە لەوانەیە زیان بە خوێنبەرەکان بگەیەنێت، هەوکردن زیاد بکات، و مەترسیی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرەی جۆری دووەم و نەخۆشی دڵ بەرز بکاتەوە.

بەو پێیەش توێژینەوەکە دەریدەخات کە گونجاوترین کات بۆ نانی بەیانی لەنێوان کاتژمێرێک تا دوو کاتژمێر دوای بە ئاگاهاتنەوەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی هاوتاکردنی کاتژمێری جەستە و پشتگیری لە باشترکردنی مێتابۆلیزم و شێوازی خەوتن لە تەواوی ڕۆژەکەدا دەدات.

بۆچی ڕۆتین گرنگە؟

بە گوێرەی پسپۆران، کاتی نان خواردن بە تەنیا گرنگ نییە، بەڵکوو چەند بەردەوام دەبیت لەسەر هەمان ڕۆتین، کە گرنگی زۆری هەیە، ئەمەش دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر کاتژمێری ناوەکی کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی هەموو کارلێکەکانی جەستە هەر لە هەرسکردنی خۆراکەوە تا دەردانی هۆرمۆنەکان.

نەیت وود، بەڕێوەبەری پزیشکی چێشتلێنان لە فاکلتەی پزیشکی یێڵ، دەڵێت "کاتێک بیر لە ژیانێکی تەندروست دەکەیتەوە ئەوا ڕاهێنانی وەرزشیی ڕێکوپێک، خەوێکی باش، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکان، و شێوازێکی خواردنی تەندروست  واتا نەک تەنیا لەسەر ئەوەی چی دەخۆیت، بەڵکو لەسەر ئەوەش کە کەی دەیخۆیت."

خواردنی نانی بەیانی و نانی ئێوارەی زووتر،  شێوازی خواردن لەگەڵ ڕیتمە سروشتییەکانی جەستە هاوسەنگ دەکات و ئەگەری زۆرخۆری لە درەنگانی شەودا کەم دەکاتەوە و پشتگیری لە خەوێکی باشتر دەکات کە ئەمەش یارمەتی مێتابۆلیزمێکی باشتر دەدات و تەندروستی مرۆڤ بەرەوپێش دەبات.

 
Fly Erbil Advertisment