گەنجێک لەکاتی پیشەی ئاژەڵداریدا خۆی فێری زمانە بیانییەکان دەکات
K24 – کۆیە:
لە گوندێکی سنوری قەزای کۆیە، گەنجێک لەکاتی لەوەڕاندنی مانگاکانی خۆی فێری زمانی ئینگلیزی کردووە و ئێستا سەرقاڵی فێربوونی زمانی فەرەنسیە، بەھۆی زمانەکەیەوە لە ئەمەریکاوە ھاوڕێ و ئاشنایەتی لەگەڵ خەڵکی بیانی دروستکردووە و بانگھێشتی گوندەکەیانی کردوون.
راستی عەلی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، گاوانی کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو ئێوارە، بڕیاریدا خۆێ فێری چەند شتێک بکات هەم سوودی بۆ خۆی هەبێت هەم بۆ دەورووبەری، بۆ ئەوەی فێری زمانێکی دیکە ببێت، ھەر یەکێک لە مانگاکانی ناوێکی لێناون و رۆژانە گفتوگۆی لەگەڵ کردوون لە ئێستادا خۆی فێری زمانی فەرەنسی دەکات.
بۆ ئەوەی ئاستی زمانەکەی باشتر بکات، راستی ژمارەیەک ھاووڵاتی بیانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناسیوە، پەیوەندییەکەیان توندو تۆڵ و بەھێز بووە و بانگھێشتی کوردستانی کردوون ، میوانە بیانیەکان ھەزاران کیلۆمەتریان بڕیووە و ھاتوون دوو سێ ھەفتە میوانی راستی بوون و بەژیانی کوردەواری و گوندەکەیان ئاشنایکردوو، لەمبارەیەوە راستی گووتی: "سەرەتا کە کەسە بیانییەکان قەلەق بوون لەوەی بێن سەردانی کوردستان بکەن، بەڵام دواتر من باسی کولتوور و خەڵکی کوردستان و سەقامگیری کوردستانم بۆ کردن و بڕوام پێهێنان تا بێن بۆ کوردستان".
ھەوڵدانی راستی بۆ فێربوونی زمانی جیاواز نەوەستاوە و ئێستا خۆی زمانی فەرەنسی دەکات ،لەگەڵ ئەوەش ھاوڕێی دیکەی پەیداکردووە و بڕیارە بانگھێشتی کوردستانیان بکات.