تەقەکەرەکەی سەر بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی خانەقین دەستگیر کرا
تیمێکی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایشی گەرمیان، ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیر کرد کە لە ماوەی رابردوودا دەستڕێژی نزیکەی 30 فیشەکی لە ئۆتۆمبێلی فەرمیی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی خانەقین کردبوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەقید سۆران محەمەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، تیمێکی هاوبەشی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، کەسێکیان بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکرد.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاندووە، دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە رووداوێکی تەقەکردنەوە هەیە لە ماوەی رابردوودا روویداوە؛ کاتێک کەسێک دەستڕێژی گولەی لە ئۆتۆمبێلی حکوومیی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی خانەقین کردبوو، نزیکەی 30 فیشەکی گولە بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتبوو.
هەروەها رایگەیاندووە، دوای رووداوەکە، بە فەرمانی دادوەر، پۆلیسی گەرمیان چووەتە شوێنی رووداوەکە و دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و دواتر تیمێکی هاوبەش لە پۆلیسی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد لەسەر کەیسەکە.
تۆمەتبارەکە بە پێی ماددەی 430ی یاسای سزادانی عێراقی لە بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.