رووسیا ئامادەیە لەگەڵ ئۆکرانیا دانووستان بکات

"مۆسکۆ لەگەڵ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانووستانە"

چەند سەربازێکی ئۆکرانی بەسەر زرێپۆشێکەوە لە هەرێمی دۆنستێک - وێنە: AFP
چەند سەربازێکی ئۆکرانی بەسەر زرێپۆشێکەوە لە هەرێمی دۆنستێک - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

سێگری لاڤۆرڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئامادەن لەگەڵ ئۆکرانیا دانوستان بکەن، بەو مەرجەی ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع هەیە لەبەرچاو بگیرێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی، سێگری لاڤرۆڤ گووتیشی، هەڵوێستی مۆسکۆ روونە و ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانووستانن لەگەڵ بەرپرسانی کیێڤ، بەڵام بەمەرجێک راستییەکانی مەیدانی جەنگ و بەرژوەندییەکانی رووسیا لەبەرچاوبگیرێن.

ئاماژەی بەوەشدا، بەرژەوەندییەکانی رووسیا لە ریشەکێشکردنی نازییەکان لە ئۆکرانیا و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەبیننەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە ئۆکرانیا یاسای قەدەغەی دانووستان لەگەڵ رووسیا هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی رووسیا لەکاتێکدایە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ژمارەیەک زرێپۆشی ئه‌برامزی ئه‌مه‌ریكی گه‌یشته‌ كیێڤ و زیلێنسکی رایگەیاند، ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ به‌كارهێنانی زرێپۆشەکان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كاندا دژی رووسیا.

جگە لە زرێپۆشی ئەبرامز، ئەمەریکا بەڵێنی ئەوەی بە کیێڤ داوە، فڕۆکەی F16ـی بداتێ کە ئێستا فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان لە وڵاتانی رۆژئاوا راهێنانی لەسەر دەکەن.