سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و میری قه‌ته‌ر دۆخی فه‌ڵه‌ستین تاوتوێ ده‌كه‌ن
K24 - هەولێر
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال سانی میری قه‌ته‌ر، پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه و ئه‌و رووداوانه‌ی له فه‌ڵه‌ستین ده‌گوزه‌رێت تاوتوێ ده‌كه‌ن.
بەگوێرەی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگەی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق،" له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا هه‌ردوولا پێداگیرییان له هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و راگرتنی ئۆپه‌راسیۆن و هێرشه‌كانی سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه كردووه‌ته‌وه و دووپاتیان له‌سه‌ر رۆڵی وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی به پابه‌ندكردنی ئیسرائیل و رێزگرتن له یاسا و میساقی نێوده‌وڵه‌تی كرده‌وه، به‌جۆرێك سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌یان به‌رامبه‌ر به گه‌لی فه‌ڵه‌ستین بوه‌ستێن و كۆتایی به‌و بێڕێزییانه بهێنرێت كه ده‌كرێنه سه‌ر شوێنه پیرۆزه‌كان".
ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق هەڵوێستی خۆی لەسەر شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل راگەیاندووە و وەزیری دەرەوەی عێراق لە دوایین لێدوانی‌دا رایگەیاند: هه‌ڵوێستی عێراق به‌رامبه‌ر كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین نه‌گۆڕه و له پاڵ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین دەوەستینەوە.