ژمارەی ئاوارەکانی کەرتی غەززە ملیۆنێکی تێپەڕاند
K24 – هەولێر
بەگوێرەی نوێترین ئامار، بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس زیاتر لە یەک میلۆن کەس لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون.
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرە فەڵەستینییەکان ناسراو بە (ئۆنروا) بڵاویکردەوە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بەهۆی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون.
هاوکات، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار و 700 کەس، بریندارەکانیش دە هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەشداوە، نزیکەی 50 هەزار ژنی دووگیان لە کەرتی غەززە هەن کە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان وەک پێویست بۆ دابین نەکراوە.
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لەلایەن حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە کوژراون گەیشتووەتە هەزار و 400 کەس، کە لەو ژمارەیە 291 یان سەربازن.
بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، لە هەمانکاتدا سوپای ئیسرائیل هێزێکی زۆری لەسەر سنوورەکانی غەززە کۆکردووەتەوە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانیش هۆشداری دەدات لەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی ترسناک دایە.
بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.