بۆچی ئاسایشی هەولێری پایتەخت دەکرێتە ئامانج؟
ئەمە چەند جارێکە هێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕوون و ئاشکرایە کەوا ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراون، بەڵام ڕاگەیاندراوەکان پێمان دەڵێن کەوا هێرشەکەی ئەم جارەی ئێران بۆ سەر هەولێر ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دراوە، بە پاساوی بوونی ناوەندی سیخوڕی ئیسڕائیلی، کە ئەم پاساوە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لەڕاستییەوە.
لەم چوارچێوەیەدا هێرشی ئەم جارەی ئێران بۆ سەر هەولێر بەمەبەستی گەیاندنی کۆمەڵێک پەیامە، لەوانە:
1- هەوڵی ئێرانە بۆ تێکدانی پێگەی سەقامگیری و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.
2- پەیامی ئێرانە بۆ هەرێمی کوردستان تاکو هاوسەنگی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی تێکبدات و تای تەرازوو لە بەرژەوەندی ئێران بشکێنێتەوە.
3- پەرچەکردارێکی ناڕەوای ئێرانە لەبەرامبەر هەرێم وەک تۆڵەکردنەوەی هێرکرشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حوسیەکانی یەمەن.
4- ناردنی پەیامێک بۆ (ئیدارەی بایدن) کەوا شیعەکان خوێنی (موسەوی و سولەیمانی و موهەندیس) و قوربانیانی تەقینەوەکەی شاری (کرمان) لەبیر ناکەن.
5- تێرکردن و ڕازیگردنی شەقامی شیعە بە مەبەستی (استهلاك المحلي) و ڕیکلامکردن و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران.
6- تاقیکردنەوەی (ئیدارەی بایدن) تاکو بزانن تا چەند بەرگری لە هاوپەیمانەکانی دەکات.
7- فشارێکە بۆ ئەمەریكا تاکو دەست ھەڵبگرێت لە پشتگیرکردنی ئیسڕائیل و ڕاگرتنی شەڕی حەماس لە غەزە.
دووبارە بوونەوەی هێرشە مووشەکییەکان دەبێت ناچارمان بکات تاکو هەڵوەستەیەک بکەین بۆ ئەنجامدانی ئەم سێ خاڵە گرنگە:
یەکەم: گرنگە هەرێم داوا لە ئەمەریکا بکات چۆن لە ڕێگای سیستەمی پاتریۆتەوە بنکە و بارەگاکانیان دەپارێزن ئەوهاش (ئاسمان و خاک و خەڵکی) هەرێم لە هێرشی نەیارەکانیان بپارێزن، چونکە سەرەکیترین بەهانەی هێرشکردنی ئەم گرووپانە بریتییە لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێم.
دووەم: گرنگە هەرێم بە ڕاشکاوی داوا لە عێڕاق بکات تاکو سەروەری هەرێم و عێڕاق بپارێزێت، ئەگەر عێڕاق نەتوانێت ئەمە بکات، ئەوکات گرنگە داوا بکرێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بە بڕیارێکی هاوشێوەی (688) هەرێم لە هێرشی لایەنە ناوخۆیی و دەرکییەکان بپارێزێت.
سێیەم: لەپاڵ ئەم دوو خاڵەی سەرەوەدا پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پەلە بکات لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەک خستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەمەبەستی ئامادەباشی وەرگرتن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و هەڕەشەیەکی سەربازی و ئەمنی بۆ سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان.