نابێت (کەشتی) هەرێمی کوردستان نغرۆ بکەین!

نابێت (کەشتی) هەرێمی کوردستان نغرۆ بکەین!
نابێت (کەشتی) هەرێمی کوردستان نغرۆ بکەین!

مێژووی (کەشتی) وڵاتان پڕیەتی لە هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، تاکو گەشتۆتە کەنارێکی ئارام، بەڵام بۆ پاراستنی (کەشتیەکە و سەرنشینەکانی) لە نغرۆ بوون،  بیرمەند و سەرکردە و داڕێژەرانی بڕیار، هەڵوەستەیان کردووە و هەڵساون بە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی تۆکمە بۆ ئەوەی کەشتیەکەیان لە داهاتوودا بەرگەی هەڵبەز و دابەزی شەپۆلەکان بگرێت، ئەم نەخشەڕێگایەش بریتی بووە لە نووسینەوەی (دەستوور) کە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە و بە دایکی یاساکان پێناسە دەکرێت و وەک داینەمۆی پێشکەوتنی وڵاتان لەقەڵەم دەدرێت.

هەرێمی کوردستان دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی (2003) قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی لە (عێراقی نوێ)دا بۆ فەراهەم بووە، ئەم قەوارەیەش لە ماددەکانی (116و117و 120و 121)ی دەستووری عێراقدا دانی پێدانراوە، بۆیە پاراستنی ئەم قەوارەیە (هێڵی سوورە) و نابێت بەهیچ جۆرێک و لەژێر هیچ پاساوێکدا، سازشی لەسەر بکرێت.

بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی (21) ساڵ لە نوسینەوەی دەستووری عێڕاق، تاکو ئێستا (داڕێژەرانی بڕیاری هەرێم) نەیانتوانیوە سوود لەو مافە دەستووریە وەربگرن کە لە ماددەی (120)ی دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێکراوە و بە روونی ماف بە هەرێمی کوردستان دراوە کە خاوەن دەستوورێکی تایبەت بە خۆی بێت، کەچی هێشتا هەرێمی کوردستان نەبۆتە خاوەن دەستووری خۆی!

گرنگ و پێویست بوو دوای نووسینەوەی دەستووری عێراق، یەکەم هەنگاوی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ بێت بۆ هەرێمی کوردستان، لە جیاتی واژووکردنی (رێکكەوتننامەی ستراتیژی لە تەمموزی 2007 و دواتریش رێكکەوتننامەی دەباشان لە ئایاری 2016) چونکە پێموایە کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان نەبوونی دەستوورێکی هاوچەرخ و رێزلێگراوە، کە ماف بە هەموو پێکهاتەکان بدات  بۆ ئەوەی لەژێر سایەیدا هەموو دام و دەزگا مەدەنی و سەربازییەکان یەکبخرێن و سنوور بو هەرسێ دەسەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) دیاریبکرێن، تاکو بتوانرێت ئەرکی خۆیان بە شێوەیەکی شەفاف ئەنجام بدەن، لە پێناو گەیاندنی کەشتی هەرێمی کوردستان بە کەناری ئارامی هاوشێوەی (هەرێم و وڵاتە) پێشکەوتووەکانی جیهان، بە مەبەستی رێگریکردن لە گەندەڵی و  بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی، بە جۆرێک کە دەرفەتی کاری یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتووان بڕەخسێنرێت و ئەرک و ماف بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، بە بێ رەچاوکردنی جۆری رەنگ و رەگەز و حیزب و ئایین و ئایدیۆلۆژیا.

بەڵام ئێستاش نەچووە بچێت، دەکرێت سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەوڵ بدات نوسینەوەی (دەستوور) بکاتە ڤاکسینی پەتای (پەرتەوازەیی کوردستان) تاکو زاڵ بین بەسەر ئاسته‌نگه‌كانی ئەم قۆناغە هەستیارە، چونکە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە کوردستان لە هەموو هەڕەشەکانی تر ترسناکترە، داخی گرانم ئێمە بەتەمای دەوڵەت بووین، کەچی ئێستا خەریکە دوو لەت دەبین!

ئێمەی کوردستانی گرنگە سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین و ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بە هۆی نووسینەوەی (دەستوور)ەوە توانیویانە بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن و کۆدەنگی دروست بکەن و  سەقامگیری بەرپا بکەن، بۆ نموونە سەرەکیترین فاکتەری گەشەسەندن و زلهێزبوون و سەرکەوتنی ئەمه‌ریکا، هەبوونی دەستوورێکی کورت و پوخت و پڕ مانایە، کە تەنها لە (7) ماددە پێکهاتووە و لە سەر ئاستی جیهان بە کۆنترین دۆکیۆمێنتی نووسراوی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، کە تەمەنی (239) ساڵە و تاکو ئێستاش کاری پێدەکرێت.

ئەگەر باوکانی دامەزرێنەری ئەمه‌ریکا (239) ساڵ لەمەوبەر توانیبێتیان هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژن و دەستوورێک بنووسنەوە، بۆچی ئێمەی کورد نەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین و هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژین؟

راستییەکی تاڵە کە دەڵێین "کەشتی" هەرێمی کوردستان به‌هۆی په‌رته‌وازه‌ییەوە‌ کونی تێبووه‌، بەڵام خۆشبەختانە هێشتا نقووم نەبووە، بۆیە دەکرێت نووسینەوەی (دەستوورێکی هاوچەرخ) ببێتە فریادڕەس بۆ رزگارکردنی ئەم کەشتیە، بە مەرجێک دەستوورێکی رێزلێگیراو بێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نەک تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاغەز بمێنێتەوە!

لە ئێستادا گرنگ ئەوە بزانین کەوا هەموومان دانیشتووی ئەم کەشتیەی هەرێمی کوردستانین و ئەرکی سەر شانی هەموولایەکمانە، بە گیانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی چارەسەرێک بۆ کون و کەلەبەرەکانی ئەم کەشتییە بدۆزینەوە، بۆیە پێموایە تاکە چارەسەر تەنیا دایەلۆگ و سازان و نووسینەوەی (دەستوورێکی هاوچەرخ)ە بۆ رزگارکردنی ئەم کەشتییە، چونکە بە نقوومبوونی ئەم کەشتیە نەک تەنها باشووری کوردستان زەرەر دەکات، بەڵکو تاکە ئومێدی هەر سێ پارچەکەی تری کوردستانی گەورەش لەبار دەبات!

لە کۆتاییدا پێویستە ئەو راستیە بزانین، کەوا خەڵکی کوردستان شایەنی خزمەتی زیاترن، نەک دڵەڕاوکێی زیاتر! بۆیە تا کار لەکار نەترازاوە، گرنگە لەم قۆناغە هەستیارەدا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەوڵی خۆیان چڕ بکەنەوە تاکو دڵنیایی بدەنە خەڵکی کوردستان، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە پێناو گەیشتن بە سازان بۆ نوسینەوەی (دەستورێکی هاوچەرخ و مەدەنی) بۆ هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دوو لەت بوون و بەهێزکردن و ڕێکخستنەوەی دام و دەزگا مەدەنی و سەربازیەکان و دانانی سنورێکی دەستوری بۆ هەرسێ دەسەڵاتی (یاسادانان و بەڕێوەبردن و دادوەری) چونکە دڵنیام ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستاندا دەبێت، بە هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانەوە، کوردستانیش خاکێکی بە پیت و بەرەکەتی هەیە و بەشی هەموولایەک دەکات و جێگای هەمووشمانی تێدا دەبێتەوە، دەستوریش دەبێتە نەخشەرێگایەک کە بە هۆیەوە دەتوانرێت (کەشتی) هەرێمی کوردستان لە نقووم بوون رزگار بکات و بیگەینێتە کەنارێکی ئارام و داهاتوویەکی (گەش و پڕشنگدار و دادپەروەر) بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.