
كارۆخ خۆشناو
نووسەر
(ئازادی و سەربەخۆیی) دەسەندرێن، نابەخشرێن!

دوای هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم، سیستەمی نوێی جیهان لەسەر بنەمای هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ و ئازاد بونیاتنرا، بەو واتایەی کە (پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان) لەسەر ئاستی وڵاتان بوو نەک گەلان و نەتەوەکان، ئەگەرچی (ناو) لەو ڕێکخراوانە نرا (کۆمەڵەی گەلان و دواتریش نەتەوە یەکگرتووەکان) بەڵام مەرجی سەرەکی ئەندامبوونیان بریتی بوو لە هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ لە فۆرمی ( دەوڵەت)، لەبەر ئەوە هەموو هەوڵ و تەقەڵا و خەبات و شۆڕشی گەلان چڕ بوویەوە بۆ بەدەستهێنانی کیانێکی ئازاد و سەربەخۆ، تاکو بتوانن ببنە بەشێک لە سیستەمی نوێی جیهانی.
ئەگەر بەخێرایی ئاوڕێک لە مێژووی ئەو (193) وڵاتە بدەینەوە کە بەفەرمی ئەندامن لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە:
1- لەلایەک هیچ گەل و میللەتێک مافی ئازادی و سەربەخۆییان پێ نەبەخشراوە، بەڵکو بە شۆڕش و خەبات و تێکۆشان مافەکانیان سەندووە.
2- لەلایەکی تر هیچ وڵاتێک بە (پێرفێکت)ی لە دایک نەبووە، بەڵکو لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییاندا کۆمەڵێک کەموکوڕییان هەبووە، چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی، چ لە سەر ئاستی دەرەکی، بەڵام دوای بەدەستھێنانی سەربەخۆییان بە جددی کاریان کردووە بۆ بنیاتنان و پەرەپێدانی داموودەزگا نیشتمانی و مەدەنی و دیموکراسییەکان.
دوای نزیکەی 100 ساڵ لە لکاندنی باشووری کوردستان "بێویستی گەلەکەی" بە وڵاتی نوێی دامەزراوی عێراق، ناڕازیبوون و شۆڕشی یەک لە دوای یەکی لێکەوتۆتەوە، چەند دەرفەتێکیش بۆ ئازادبوونی کورد ڕەخساوە، بەڵام نەقۆستنەوەی ئەم دەرفەتانە چەندە پەیوەندی بە نەبوونی زەمینەیەکی گونجاوی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ھەبووە، دوو ئەوەندەش پەیوەندی بە نەبوونی یەکڕیزیی ناوخۆیی و لۆکاڵی هەبووە.
مێژووی زۆرینەی ڕەهای گەلانی (ئازاد و سەربەخۆ) لە خەبات و قوربانیدان، بەتایبەت مێژووی (سەدەی بیست) بۆ هەر چوار گەلی (کورد و جوولەکە و بۆسنی و ئەرمەن) پڕیەتی لە خەبات و مەرگەسات، بەڵام لەناو ئەم چوار گەلەدا تەنیا کورد نەبۆتە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆ، وێڕای خەبات و قوربانیدانێکی بێشومار، بۆ نموونە بۆسنیەکان لە ساڵی (1994) لەلایەن سربەکانەوە بەبەر چاوی دونیاوە کۆمەڵکوژ و جینۆساید کران، بەڵام ئەوانیش وەک جوو و ئەرمەن، بەرهەمی جینۆسایدەکەیان (بە بوونە دەوڵەت) چنیەوە.
پێموایە کورد پێویستی بە ئێرادەیەکی نەتەوەیی (سەرووی حزبی بوون) هەیە بۆ بەرنامەڕێژیکردن و دۆزینەوەی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ زلهێزەکان لەپێناو کۆکردنەوەی پشتگیری و لۆبیکردن بۆ کیانێکی سەربەخۆ، چونکە سەرەڕای ئەوەی کورد لە (چەندین شوێن و چەندین جار) کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکراوە، بەڵام هێشتا نەبۆتە خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ، لێرەدا پێویستە بپرسین بۆچی کورد نەگەیشتۆتە ئەم خەونە ڕوایەی و نەیتوانیوە ئەم مافە بە دەست بهێنێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە هەڵوەستە بکەین و توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدەین، تاکو بزانین تا چەند خەتای زلهێزە بێ بەڵێنەکانە و تا چەندەش خەتای پەرتەوازەیی و کەمتەرخەمی خۆمانە؟، چونکە هیچ گەل و نەتەوەیەک لە مێژوودا (وەک کورد) دەرفەتی ئازادبوونی لەدەست نەداوە، سەرەڕای هەموو جینۆساید و قوربانیدانێک، بەڵام هێشتا خەونی سەربەخۆیی بەدی نەهاتووە.
قەوارەی هەرێم ئەو دیفاکتۆیەیە کە لە دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان و گۆڕانی هاوکێشەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هاتۆتەکایەوە، ئەگەرنا هیچ کاتێک عەقڵیەتی حوکمڕانی (عەرەب و تورک و فارس) ئامادە نین دان بە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستاندا بنێن، بەڵام یەکانگیری (بەرژەوەندی هێزەکانی ناوچەکە و زلهێزە نێودەوڵەتییەکان) هەرێمی کوردستانیان کردە قەواریەکەکی پارێزراو بە گوێرەی بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە (5/4/1991( دەرکرا، ئەم بڕیارەش دوای بڕیاری سیڤەر لە (10/8/1920) بە یەکەمین بڕیاری نێودەوڵەتی دادەنرێت کە لەلایەن دەزگایەکی گرنگی وەک ئەنجوومەنی ئاسایش لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد دەرکرابێت.
(ئازادی و سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت) پڕۆسەیەکی درێژخایەن و دوورمەودان، پێویستی بە قوربانی و پلانی پێشوەختە و زەمینەسازیی هەیە، کوردیش ئەم پڕۆسەیەی دەست پێکردووە و یەکەم هەنگاویشی ناوە کە بریتی بوو لە (ڕێفراندۆم) ، هەر کاتێک بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەبار بوو، دەکرێت کورد هەنگاوی تر بهاوێژێت و پڕۆسەکە تەواو بکات.
بارودۆخی ئێستای ناوچەکە ناسەقامگیرە و کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ئارادان لە ژێر چەتری ڕێکەوتنەکانی (ئیبراهیمی و شامی نوێ و نیۆم و گرێبەستی سەدە) بەڵام مەرج نیە دیدگا و بەرژەوەندی بەشێک لە وڵاتان لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی هاوتەریب بن، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی کوردستان هەوڵبدات بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان پاراڵێڵ و هاوتەریب بکات تاکو نەبنە ڕێگر لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستاندا، لە سەرووی هەموو ئەو وڵاتانەش ئەمەریکا دێت، کە پێویستە کورد بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵی هاوتەریب بکات و پشتگیری ناوەندەکانی بڕیاری ئەمەریکا دەستەبەر بکات، لە ڕێگای پڕۆسەی لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پشگیری و پاڵپشتی، ئەمەش پێویستی بە کات و کارەکتەر و بودجە هەیە، چونکە بە دەستهێنانی پشتگیری بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی لە وڵاتێکی وەک ئەمەریکا دا بێ بەرامبەر نابەخشرێت، بەڵکو پێویستە لە ڕێگای لۆبیکردنەوە بکڕدرێت.
لە کۆتاییدا دەڵێم پێویستە کورد سود لە ئەزموونی کۆمەڵێک وڵات وەربگرێت، لەوانەش وڵاتانی وەک ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئیماڕات و ئۆکرانیا و کرواتیا و ئەرمینیا ....هتد، بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ سەربەخۆیی بە میکانیزمی دیبلۆماسی (نەرم و سەردەمیانە) لە پێناو بە مەنزڵ گەیاندنی پەیامی ڕەوای ڕیفراندۆم و بەدیهێنانی خەونی پیرۆزی سەربەخۆیی کودستان.