پردی تووە قوت و سایلۆی گەنم دوو پرۆژەی گرنگ بۆ هەڵەبجە

پردی تووە قوت و سایلۆی گەنم دوو پرۆژەی گرنگ بۆ هەڵەبجە
پردی تووە قوت و سایلۆی گەنم دوو پرۆژەی گرنگ بۆ هەڵەبجە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگدا لەم ساڵ بەردی بناخەی دوو پرۆژەی گرنگی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دانا کە بەنیسبەت ئەم پارێزگا تازەیەوە هەنگاوی ستراتیجی گرنگن و ژێرخانی ئابووری سنووری پارێزگاکە بەهێز دەکات و بەشێکی گرنگە لە بونیادنانی پایەکانی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە.

جادە و پردی تووە قوت کە لە 22ی شوبات، سەرۆکوەزیران بەردی بناخەکەی دانا ئێستا لە جێبەجێکردندایە بە تەواو بوونی بەشێک لەو داخرانەی کە لەسەر ئەم پارێزگا سەر سنوورییە هەیە لادەبات و هەڵەبجە بە ناوچەی گەرمەسێرو لەوێشەوە بەشارەکانی دیکەی  عێراق دەبەستێەوە، ئەمڕۆش بە دانانی بەردی بناخەی سایلۆ لەسەر ڕووبەری 52 دۆنم زەوی کە لەگەڵیدا چەند کۆگایەکی هەڵگرتنی بەشەخۆراک و پێداویستیەکانی دیکەی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان هەن، ڕۆحێکی دیکەی بوژانەوە بەشارەکە دەبەخشێت.

لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە بەنزیکەی  120 بۆ 140 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە کە بەشێکی زۆری ئەم زەویانە ساڵانە دەکرێت بەگەنم کە لەنێوان 70 بۆ 90 هەزار دۆنم زەوییە، ئەگەر ژمارەی نزیکەی لەو نێوەندەدا وەربگرین بۆ هەر دۆنمێک زەوی بڕی 700 کیلۆ گەنم دابنێین واتە بەنزیکەی 80 هەزار دۆنم زەوی کەڕەتی 700 کیلۆ گەنم بکەین، دەبینین کە بەرهەمی ساڵانەی گەنم دەگاتە بڕی 57 هەزار تەن گەنم بەم پێیەش جوتیاران و دانیشتووانی سنوری پارێزگاکە سوودێکی زۆر دەکەن وە کەرتی کشتوکاڵ و بەتایبەت گەنم بوژانەوەیەکی زۆر بەخۆوە دەبینێت ، بێگومان کردنەوەی ساردخانەیەکی گەورەش بۆ شارەکە زۆر زەرورە، چونکە بەرهەمێکی زۆری میوەهاتەکانمان هەیە کە ناسکەو ناوتوانرێت بەبێ بوونی ساردخانە بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵبگیرێت

ساڵانی ڕابردوو نەبوونی سایلۆی گەنم کێشەیەکی گەورەی بۆ جوتیاران دروست دەکرد، لەوانە جۆری وەرگرتنی گەنمەکە لە جوتیاران بەشێوەیەکی ناڕەحەت، چونکە هەموو بەرهەمی گەنمەکە لەسەر زەوی هەڵدەڕژاو بەرنامەیەکی باش بۆ ئیدارەدانی وەرگرتنی گەنم بەهۆی نەبوونی سایلۆوە  نەبوو ئەمە جگە لەوەی بەشی هەرە زۆری ئەو گەنمە کە لەسەر زەوی دەڕژرا کوالێتیەکەی بەهۆی گەرمی تیشکی خۆرەوە تێکدەچوو بۆ خواردن بۆ تۆو کردنیش باش نەبوو، لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و زستانییش بەهۆی بارینی باران و تەڕبوونی گەنمەکەوە بەهەمان شێوە گرفت دروست دەبوو بڕێکی زۆر لەو گەنمە بەرهەم هاتووە جوان و بەبڕشتە خراپ دەبوون و لەناو دەچوون، کە بێشک بە تەواوبوونی ئەم سایلۆیە ئەم گرفتانەش کۆتاییان پێدێت.

 لە ڕووی هەلی کارەوە ماوەی پرۆژەکە لە 700 ڕۆژ زیاترە ئەم ماوەیەش دەستێکی زۆری ئیش و کار لە پرۆژەکەدا دەکەوێتەکارو لە کرێکارو وەستاوە تا دەگاتە هەموو بەش و سێکتەرەکانی دیکە کاریان دەست دەکەوێت ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی بەتاڵەی سنوورەکە زۆر باشە و دوای تەواو بوونی پرۆژەکەش چەندین دەستی کاری دیکە لە ناو پرۆژەکە دەست بەکاردەبن هەموو ئەمانەش بەسوودی خەڵکی پارێزگاکە دەشکێتەوە.

ئەم پرۆژەیە کە تێچوەکەی زیاتر لە 27 ملیار دینارە دەستپێکی کۆمەڵێک پرۆژەی دیکەی گرنگ و ستراتیجین بۆ شارەکە  بێگومان بەردەوامی ئەم هەنگاوانە کاروانێکی ئاوەدانی باش بە پارێزگاکە دەبەخشێت، لەبەر ئەوەی سنووری پارێزگاکە زۆر گەورە و فراوان نیە بەردەوام بوونی ئەم پرۆژانە دەستێکی زۆری کار بۆ خۆی ڕادەکێشێت و بەشێک لەو بەتاڵەیەی لەشارەکەدا هەیە کەم دەکاتە، بۆیە دەتوانین بڵێین کردنەوەی سایلۆی گەنم و هەر پرۆژەیەکی دیکە بۆ پارێزگا نوێیەکە زۆر گرنگ و پڕبایەخەو سوودێکی ڕاستەوخۆش بە هاوشاریانی هەڵەبجە دەگەیەنێت.