" مەسرور بارزانی لەبەردەم تیشکی پرسیاری هاونیشتیمانیاندا "

" مەسرور بارزانی لەبەردەم تیشکی پرسیاری هاونیشتیمانیاندا "
" مەسرور بارزانی لەبەردەم تیشکی پرسیاری هاونیشتیمانیاندا "

* وەک نەریتێکی داهێنەرانە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوە ناوە چاوی بە بەشێک لەسەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت و بەکەیفی دڵی خۆیان پرسیارو داواکاری خۆیان ئاراستەی جەنابیان دەکەن ، ئەم مۆدیلە لە گفتووگۆو دیداری ڕاستەوخۆ دەروازەیەکی گرنگی زیاتر ئاشنابوونی ئاسۆی کۆمەڵگەیە بەرامبەر بە هەنگاو ویستەکانی سەرۆکی حکوومەت و کابینەکەی.

* ئەمشەو گەڕێکی دیکەی چاوپێکەوتنی سەرۆکوەزیران و دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی بوو بە هەموو شارو شارۆچکەکانییەوە، دانیشتووان و پرسیارکارانی میتینگەکە نوێنەرایەتی دانیشتووانی سنووری خۆیان دەکرد هەر لە جوتیار و کرێکارێکەوە بۆ مامۆستاو چالاکوانێک تا دەگاتە کەسانی یاسایی و هاووڵاتییانی ئاسایی ئەم وڵاتە، بۆ من ئەوەی جێگەی سەرنج و و ردبوونەوە بوو ڕاشکاوی و ڕاستگۆیی سەرۆکوەزیران بوو بەرانبەر سەرجەم پرسیارەکان.

* (مووچە و هەژماری من، ماددەی 140 و گرفتەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، خراپی ڕێگەوبان و شەقامەکان بەتایبەت ئەم سنوورە، کارەباو ئاو، مامۆستا و کەرتی پەروەردە و بایکۆت، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی، بەرهەمی ناوخۆ و هاوەردەکراو....) زۆر وردەکاری دیکە، ئەمە و چەندین بابەت و تەوەری دیکە کە سەرۆکوەزیران زۆر بە مەعلومات و ڕاشکاوانە بۆ ئامادەبووان و خەڵکی کوردستانیشی ڕوونکردەوە کە ئەمانە و زۆر تەوەری دیکە بەرنامەی کار و ئەجێندای ئیشی کابینەکەی ئەون، بەڵام  ئەوە ئیرهابی فیکری و هەڵمەتی ناڕاست و چەواشەکاری ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیست و خەڵکانی لە بەرژەوەندی دراون خەریکی ناشرین کردنی حکوومەت و کوردستانن بە مەبەستی بە دەستهێنانی بڕێک دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنی ئایندەدا، ئەگینا ئەوەی هەرێمی کوردستان لە 10 ساڵی ڕابردوودا تەحەمولی کردوو چۆکی دانەدا ڕووی لە هەر وڵاتێکی دیکە بکردایە هەرزوو بەچۆکدا دەهاتن و دەکەوتن.

*بێشک ئەم خواستە بۆ گوێگرتن و هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و جدی لە سوودی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشکێتەوەو سەرەڕایی هەموو گوشارەکان، بەڵام بەگوێرەی تواناو بەپێی ئیمکانییەت، تەنانەت لە ئەوجی قەیرانی کۆرۆناشدا کار و پرۆژە لە هەرێمی کوردستان نەبڕاوە و ئێستاش هەر ڕۆژە و لەشارێک سەرۆکوەزیران پرۆژەیەکی ستراتیژی و ژێرخانی دادەنێت .

* گرنگیدان بە کەرت کشتوکاڵ و پیشەسازی ناوخۆی و بازرگانی لەگەڵ دەرەوە و هەمە چەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات هەنگاوگێکن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێبڕاوانە دەستیپێکردوە و ویستوویەتی ئابوورییەکی هەمەچەشن بۆ کوردستان بونیادبنێت کە بێگومان بە سەرکەوتنی ئەم هەنگاوانە هەرێمی کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی دیکە و ئابووری هەمەچەشن و توانای خۆبژێوی سەرچاوەکانی خۆراک پێگەیەکی بەهێزر بە هەرێمەکان دەبەخشێت ئەوجا ئیرهابی فیکری و تابوورەکانی پێنجەم ناتوانن ئەم هەنگاوانەی سەرۆکوەزیران بوەستێنن.

*  ئەگەر چی بەرنامەکە بەشێکی ماوە و لەئایندەدا پەخش دەکرێت، بەڵام هەموو ئەو پرسیارە جدی و ڕاشکاوانەی لەم بەشەدا لە سەرۆکوەزیران کران و ئەو وەڵامە ڕاستگۆیانەش وەریانگرتەوە وامان لێدەکات بڵێین کاک مەسرور ڕووسورانە و سەربەرزانە لەبەردەم تیشکی پرسیارەکانی هاونیشتیمانیاندا لێی هاتە دەرەوە.