ئیسرائیل کاتی هێرشەکەی ئێران بۆ بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی ئێران ئامادەیە بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل.
پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە تەلەفۆن، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکای ئاگادار کردووەتەوە لەوەی "ئێران ئامادەکارییە سەربازییەکانی تەواو کردووەوە و ئامادەیە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل".
ئاکسیۆس باسی لەوەش کردووە "ئێران لە هەموو ڕوویەکەەوە ئامادەیە و بڕیاری داوە پێش وادەی دانوستانی ئاگربەستی غەززە لە 15ـی ئەم مانگە، هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل".
لای خۆیەوە دەستەی پەخشی سەر بە سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە، ئێران زۆر بەهێزتر لە هێرشەکەی نیسانی ڕابردوو، دەیەوێت لە ئیسرائیل بدات.
هاوکات پێگەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ( پێنتاگۆن) بڵاوی کردووەتەوە، لەسەر فەرمانی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی، ژێردەریایی هەڵگریی مووشەکی ئاراستەکراویان ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
پێنتاگۆن ڕوونیشی کردووەتەوە، ناردنی ژێردەریایی هەڵگریی مووشەکی ئاراستەکراو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی ئاڵۆزیی و ناسەقامگیرییەکانی ئەو ناوچەیەدایە.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەی ئاشکرا کردووە، سەرباری ناردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگریی 'یو ئێس ئێس سیۆدۆر ئایزناهاوەر' بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆشکی سپی فەرمانی کردووە کەشتی فڕۆکەهەڵگریی 'یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن'ـیش ڕەوانەی ناوچەکە بکرێت.
کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران
بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.
هەر چەندە ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنیی ئەمەریکی ڕایانگەیاند، هەنییە لە ڕێگەی بۆمبێکی چێندراو لە ژوورەکەیدا کوژراوە، بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو لێداونانەی ڕەت کردەوە و گوتی، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکێکی کورتمەودا لە دەرەوەی شوێنی مانەوەی هەنییە کراوە.
ئیسرائیل تاوەکوو ئێستا بەرپرسیارێتیی کوشتنی هەنییەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام سوپای پاسداران، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتباری سەرەکی کوژرانی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، ئەمەریکاش لە هێرشەکەدا هاوکارییانی کردووە.