گوتەبێژی حکوومەت: هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگی چوار نییە

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بۆڵتەنی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند؛ سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر کراون و رەوانەی بەغدا کراون.

هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی دارایی هەرێم وردبینی تەواوی لە لیستەکاندا کردووە و نێردراوە بۆ حکوومەتی فیدراڵ. گوتیشی: "چاوەڕوان دەکرێت دوای دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش رەوانە بکرێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە ونبوونی هەندێک چەک دەکەن، گوتەبێژی حکوومەت رایگەیاند؛ حکوومەتی ئەمریکا زۆر بە وردی چاودێری هاوکارییە سەربازییەکانی دەکات و دەزانێت چەکەکانی رادەستی کێ کردووە. جەختی کردەوە،"ئەم بابەتە پێویست بە تۆمەتبارکردن ناکات، چونکە ئەمریکا بە رێژەی دیاری کراو چەک دەدات بەو کەسانەی کە خۆی دەزانێت و هەموو شتێک روونە."

سەبارەت بە گرژییە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێم و دەنگۆی دوو ئیدارەیی، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند: "سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی، هەمیشە جەختی لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کردووەتەوە بۆ هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی، بەڵام هەندێک لایەن هەوڵی دروستکردنی ڕێگری دەدەن." ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەت نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ "خاڵی سفر" و کار بۆ حکوومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز دەکەن.

گوتەبێژی حکوومەت باسی لەو هێرش و فشارانە کرد، دەکرێنە سەر هەرێم و سەرۆکایەتی حکوومەت، و گوتی: "ئەم هێرشانە ناتوانن کاروانی ئاوەدانی و پاراستنی خەڵکی کوردستان بوەستێنن."