وەزارەتی خوێندنی باڵا رێکاری نوێ بۆ ئەو قوتابییانە دەگرێتەبەر کە لە ئێران دەخوێنن

د. یاسین ساڵح: ناهێڵین دواڕۆژی هیچ قوتابییەکمان کە لە وڵاتی ئێران دەخوێنن بفەوتێت

لە کۆی هەزار و 200  قوتابی هەرێمی کوردستان لە ئێران، 800ـیان لە قۆناغی بەکالۆریۆس و 400ـیان لە قۆناغەکانی ماستەر و دکتۆرا دەخوێنن. بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی هەرێم رایدەگەیەنێت، کە وەزارەت بە هەموو شێوەیەک کارئاسانی بۆ ئەم قوتابییانە دەکات و بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو پلانی جێگرەوەیان ئامادە کردووە.

سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، د. یاسین ساڵح حەمە، بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، بارودۆخی قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و ئامادەکارییەکانی وەزارەتی بۆ هەر ئەگەرێکی نائاسایی روون کردەوە.

 

ئامار و دۆخی قوتابییان لە ئێران

د. یاسین ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا هەزار و 200 قوتابی هەرێمی کوردستان لە زانکۆ جیاوازەکانی ئێران دەخوێنن. لەو ژمارەیە، 400 قوتابی لە قۆناغەکانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) و 800 قوتابیش لە قۆناغی خوێندنی بەکالۆریۆس دان، کە زۆرینەیان لە بەشە پزیشکییەکانی وەک (پزیشکی گشتی، ددان و دەرمانسازی)ـن.

هاوکات هۆکاری رووکردنی قوتابییانی بۆ ئێران بۆ فاکتەرەکانی (نزیکیی جوگرافی، کەمیی تێچووی خوێندن و گونجاوی تێچووی ژیان) گەڕاندەوە.

 

سیستەمی سکۆلەرشیپ و بەرپرسیارێتیی وەزارەت

بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان، جەختی لە گرنگیی تۆمارکردنی ناوی قوتابییان لە سیستەمی "سکۆلەرشیپ"ـی وەزارەت کردەوە و رایگەیاند: "ئەو ئامارانەی لەبەردەستمانە پەیوەستە بەو قوتابییانەی لە سیستەمەکە فایل و دۆسیەیان هەیە، هەروەها وەزارەت لە رێگەی ئەو سیستەمەوە ئاگاداری شێوازی خوێندنی قوتابییەکان دەبێت.

دەشڵێت: هەر قوتابییەک بەدەر لە رێنماییەکان و بەبێ تۆمارکردن لەم سیستەمە چووبێتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن، وەزارەت بەرپرسیارێتیی کێشەکانیان هەڵناگرێت، چونکە چوونیان بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات بەپێی رێکارە فەرمییەکان نەبووە."

 

هەنگاوەکانی وەزارەت بەرامبەر دۆخی ئێران

سەبارەت بە دۆخی ئەم دواییەی ئێران و پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت، د. یاسین ساڵح رایگەیاند: کە وەزارەت بەردەوام لەسەر هێڵە لەگەڵ زانکۆکان و وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران.

 گوتیشی: "پێش پشووەکانی جەژن قوتابییانمان ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە بۆ ئێران، خۆشبەختانە زۆرینەیان لە هەرێمن و ئەوانەشی لەوێ مابوون گەڕاونەتەوە. 

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ پاراستنی گیانی قوتابییان، ماوەی مانەوەی قوتابییانمان لە ناوخۆی هەرێم تاوەکو 1ـی 5ـی 2026 درێژ کردووەتەوە و ئەم ماوەیەش وەک ماوەی مانەوەی خوێندن بۆیان هەژمار دەکرێت."

 

بژاردەکانی خوێندنی ئۆنلاین و گواستنەوە

سەبارەت بە چارەنووسی پرۆسەی خوێندن، بەڕێوەبەری گشتی رایگەیاند: کە وەزارەت چەندین کۆبوونەوەی بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکان ئەنجام داوە:

•خوێندنی ئۆنلاین: لە ئێستادا خوێندن لە ناوخۆی ئێران کراوەتە ئۆنلاین و هەوڵ دەدرێت ئەم سیستەمە بۆ قوتابییانی هەرێمیش کارا بکرێت تا بتوانن لە هەرێمەوە بەردەوام بن.

•خوێندنی باڵا: بەهۆی کەمیی ژمارەی قوتابییانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا)، لە حاڵەتی نەبوونی ئاسایش و بەردەوامی جەنگ، وەزارەت ئامادەیە شێوەی "میوانداری" یان گواستنەوە لە زانکۆکانی هەرێم وەریان بگرێت تا بارودۆخی ئێران ئاسایی دەبێتەوە.

•خوێندنی بەکالۆریۆس: د. یاسین روونیکردەوە کە بەهۆی لۆدی زۆری بەشە پزیشکییەکان لە هەرێم، گواستنەوەی 800 قوتابی بۆ زانکۆکانی هەرێم کارێکی ئاسان نییە.

بەڵام جەختی کردەوە: "ئەگەر دۆخی ئێران ئاسایی نەبووەوە، لە دوای 1ـی 5 هەڵسەنگدان بۆ دۆخەکە دەکرێت و بڕیاری نوێ لە بەرژەوەندیی قوتابییان دەدەین، بۆ ساڵی ئاییندەش ئەو قوتابییانەی کە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەخوێنن هەوڵی زیادکردنی کورسیی خوێندن و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو دەدەین بۆ ئەوەی پاشەڕۆژیان نەفەوتێت."

 

پاراستنی بەڵگەنامە و بڕوانامەکان

یاسین ساڵح دڵنیایی دایە قوتابییان و خێزانەکانیان کە بەپێی زانیارییەکانیان، بە گشتی زۆرینەی زانکۆکانی ئێران خاپوور نەکراون و دۆکیومێنتەکان پارێزراون.

گوتیشی: "ئێمە وەک وەزارەت بە هەموو شێوەیەک کارئاسانی بۆ قوتابیان دەکەین، چ لە رووی هاوکاریی کارگێڕی و چ لە رووی قەرەبووکردنەوەی ماوەی مانەوە، تا ئەو کاتەی بارودۆخەکە روو لە ئارامی دەکاتەوە."