هێز، وەک یاسایەکی گەردوونی

هێز، وەک یاسایەکی گەردوونی
هێز، وەک یاسایەکی گەردوونی

جیهان لەسەر بنەمای بەزەیی دانەمەزراوە، هەر بۆیە لەسەر بنەمای هێز بەڕێوە دەچێت، گەردوون یاسایەکی نەگۆڕی هەیە، هەر شتێک بوەستێت دەڕزێت، هەر شتێکیش رووبەڕووی فشار نەبێتەوە، ناسک و پرووکاو دەبێت، ئەوەی ئێمە ناوی دەنێین "کارەسات" یان "قەیران"، لە راستیدا تاقیگە گەردوونی و مێژووییەکانن بۆ جیاکردنەوەی تاک و نەتەوە زیندووەکان لەوانەی کە شایستەی مانەوە نین. 

فەیلەسوفی ناودار فریدریش نیچە دەڵێت، "ئەوەی نەمکوژێت، بەهێزترم دەکات". ئەم دەستەواژەیە تەنیا دروشم نییە، بەڵکو کۆدی سەرەکیی گەشەسەندنی مرۆڤایەتییە لە بەردەم هەرەسەکاندا.

کاتێک بوومەلەرزەیەک شارێک وێران دەکات، سروشت دوژمنایەتی مرۆڤ ناکات، بەڵکو پێی دەڵێت، "ئەندازیارییەکەت لاواز بوو"، مرۆڤ لەو کاتەدا ناگریێ و دەستەوەستان نامێنێ، بەڵکو دەست دەکات بە داهێنانی بینایەک کە لەگەڵ لەرزینی زەویدا سەما بکات و نەڕووخێت، پەتایەکی کوشندە کە دێت، سیستەمی بەرگریی مرۆڤ و زانستی پزیشکی دەباتە قۆناغێکی بەهێزتر و پێشترەوە. ئەمە جەوهەری پێشکەوتنی جیهانە؛ هەرەس دەبێتە سووتەمەنی بۆ هەڵسانەوەیەکی بەهێزتر. ئەمانە، وانەی سروشت و گەردوونن و لە هەموو کایەکانی ژیاندا، دەبێ وەک یاسایەکی نەگۆڕ سەیریان بکرێت.

 

لە لووتکەی وێرانییەوە بۆ جەمسەری هێز

مێژوو پڕە لەو وڵاتانەی کە لە لووتکەی وێرانییەوە بوونە جەمسەری هێز، ئەوان وانەی مامۆستاکەیان باش فێربوون، "ئەوەی نەمکوژێت، بەهێزترم دەکات". 

بۆ نموونە، ژاپۆن دوای جەنگی جیهانی دووەم و وێرانبوونی بە چەکی ئەتۆمی، لە جیاتی تەسلیمبوون، یاسای هێزی پەیڕەو کرد و لە رێگەی پەروەردە و پیشەسازییەوە بووە یەکێک لە زلهێزە ئابوورییەکانی جیهان، هەروەها ئەڵمانیا کە شارەکانی ببووە خۆڵەمێش، بە ئیرادەی دووبارە بنیاتنانەوە، توانی ببێتە بزوێنەری ئابووری ئەوروپا، ئەوان تێگەیشتن کە هێز لە ناو جەرگەی ئازاردا لەدایک دەبێت.

 

کلیلی سک لە گیرفانی کەسانی دیکەدا

ئێستا، ناوچەی ئێمە لەناو گەردەلوولی شەڕ و ململانێدایە. داخستنی گەرووی هورمز، گەمارۆیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ سەر بازاڕەکانی ئێمە، بەرزبوونەوەی نرخەکان و تەنگژە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، روخسارە رەقەکەی ئەم یاسایەمان نیشان دەدەن، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە نییە "بۆچی ئەمە روو دەدات؟"، بەڵکو ئەوەیە، "ئەم قەیرانە دەیەوێت چ وانەیەکمان فێر بکات؟"،  وەک چارڵز داروین دەڵێت، "ئەوانە نامێننەوە کە لە هەمووان بەهێز یان زیرەکترن، بەڵکو ئەوانە دەمێننەوە کە باشترین گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا دەکەن."

ئەم دۆخە پەیامێکی روونی تێدایە، ئەو نەتەوەیەی کلیلی سکی لە گیرفانی کەسانی دیکەدا بێت، هەمیشە لەبەردەم مەترسیی لەناوچووندایە.

 

باشترین قەڵا 

بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ بەهێزبوون بەکاربهێنین، دەبێت ئەم هەنگاوە ستراتیژییانە بنێین، 

شۆڕشی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراک: دەبێت کشتوکاڵ لە کارێکی تەقلیدییەوە بگۆڕدرێت بۆ پیشەسازییەکی مۆدێرن. پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی تەنیا بژاردەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو چەکێکی مانەوەیە، خاکێک کە نانی میللەتەکەی دابین بکات، هەرگیز لەبەردەم داخستنی هیچ گەروویەکدا ناچەمێتەوە.

بنیاتنانی پیشەسازیی مامناوەند و بچووک: پێویستە کارگەی وا دروست بکرێن کە ماددە خاوەکانی ناوخۆ بەکاربهێنن، ئەمە وڵات لە پاشکۆیەتیی بازاڕە دەرەکییەکان رزگار دەکات و تێچووی ژیان لە کاتی قەیرانەکاندا کەمدەکاتەوە.

گۆڕینی فەلسەفەی پەروەردە: پەروەردەکردنی نەوەیەک کە بڕوای بە کارکردن و داهێنان هەبێت، نەک تەنیا چاوەڕوانی مووچە بێت. وەک نیکۆلۆ ماکیاڤێلی ئاماژەی پێ دەدات، "باشترین قەڵا بۆ فەرمانڕەوا، خۆشەویستی و هێزی گەلەکەیەتی"، و ئەم هێزەش تەنیا بە سەربەخۆیی ئابووری بەدەست دێت.

یاسای هێز پێمان دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە ژێرخانی خۆمان بگۆڕین. گەشەپێدانی ئەم سێکتەرانە بۆ ئەوەیە کە جومگەکانی ژیانمان نەبنە بارمتەی ململانێی هێزە ناوچەییەکان. ئەگەر گەرووی هورمز یان هەر رێگەیەکی دیکە ببەسترێت و ئێمە تووشی شۆک بین، واتە ئێمە ساڵانێکی زۆرە پشتمان بە رێگەیەکی هەڵە بەستووە و ئێستا کاتی راستکردنەوەیەتی.

 

سەرچاوی هێز

دەبێ تێبگەین، تەنیا ئەوانە سەردەکەون کە دەتوانن ئازار بکەن بە ئیرادە. ئەم تەنگژەیەی ئێستا، تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئێمە نەتەوەیەکی شایستەی پێشکەوتنین یان تەنیا بینەرێکی لاوازی مێژووین. 

ئەگەر ئەمڕۆ وانەی لێ فێر بین و پشت بە دەست و مەچەکی خۆمان ببەستین، ئەم قەیرانە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ دروستبوونی کوردستانێکی بەهێزتر. هێز لە خۆشگوزەرانیدا دروست نابێت، هێز لە ناو جەرگەی تەنگژەکاندا لەدایک دەبێت. 

وەک وینستۆن چەرچڵ دەڵێت، "هەرگیز مەهێڵە قەیرانێکی باش بەبێ سوودوەرگرتن لێی، تێپەڕێت". ئێستا کاتی ئەوەیە قەیرانەکان بکەینە بناغەی سەربەخۆییەکی راستەقینە.