سلێمانی لە بابانییەکانەوە تا ڕەیان کلدانی
سلێمانی ئەو شارەی بە دڵی کەلتوور و پایتەختی ڕۆشنبیری لە هەرچوار پارچەی کوردستان دەناسرا. سلێمانییە حەیاتەکە، شاری شاعیران و نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕوناکبیرانی کورد، ئەو شارەی چەقی هزر و داهێنانی کوردی بوو.
ئەو سلێمانییەی بنەماڵەی بابانییەکان بەردی بناغەیان دانا و بووبووە سێکوچکەی شیعیری (کوردی و نالی و سالم)، ئەو شارەی ڕوناکبیرانی وەکوو ڕەنجووری و مەولاناخالیدی نەقشبەندی و حاجی قادری کۆیی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی شیعریان بۆ دەهۆنییەوە.
ئەو شارەی شێخ مەحمودی نەمر دەوڵەتێکی کوردی تێدا دامەزراند. ئەو شارەی بۆ سەدان ساڵ، وەک چرای ناسنامە و کەلتووری کوردی دەگەشایەوە.
ئەو شارەی پیرەمێرد ڕۆژنامەی تێدا دەکرد و بێکەسی شاعیر دژی ئینگلیز وەستایەوە و جەمال عیرفان ڕۆژنامەی تێدا دەنووسی، ئەوشارەی دیلان و گۆران شیعریان بەسەر سروشتەکەی هەڵدەگووت و حەمەجەزا گۆرانی بۆ گۆیژەکەی دەچڕی.
ئەو شارەی وەک خاڵی چەقی ناسیۆنالیزمی کوردی و شانازی کەلتووری بوو، ئێستا بەجۆرێک گۆڕاوە هەرگیز نایناسیتەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا، سلێمانی لەسایەی یەکێتی نوێدا سیمای ڕۆشنبیری شارەکە داخوراوە و واقیعێکی تاریک جێگەی گرتووەتەوە. ئەو شوێنەی کە پێشتر ناوەندی ڕۆشنبیری و سەنتەری گەشەسەندنی هونەر و ئازادی ڕادەربڕین بوو، ئێستا بووە بە ناوەندێک بۆ چالاکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانە وەرگرتن و سپێکردنەوەی دۆلار و کوشتنی هاووڵاتیی کاسبکار و تەسلیمکردنەوەی کورد زمان بەدووژمن و تەراتێنی هێزی چەکدار و میلیشیا.
سلێمانی لەسایەی یەکێتییەکەی بافڵ تاڵەبانییەوە کە هاوپەیمانی گروپیی ملیشیایی قەدەغەکراوی بابیلۆنە و ڕەیان کلدانی سەرۆکی ئەو گروپە خۆی بە هاوسەرۆکی یەکێتی دەزانێت و لە ژێر کاریگەری /حزبی یەکێتی بابیلۆندا/ خەریکە دەبێتە کابوول.
لەوەتەی ئەم جووت حزبە حوکمی سلێمانی دەکەن لەمیدیاکان باس هەر باسی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە و ئەتککردن و سەرانە وەرگرتن و قاچاخچێتی و کوشتن و تیرۆرکردنی هاوڵاتیانە. شارەکە بووە بە سەربازگە و چەکدارانی کۆماندۆ دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کۆی سیکتەرەکانی حکومڕانی سەپاندووە.
ئازادی ڕادەربڕین کە پێشتر نیشانەی دیمەنی ڕۆشنبیری سلێمانی بوو، بەتەواوی کەوتووەتە هەڕەشەی لەناو چوونەوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ڕەخنە لە یەکێتی دەگرن، لەلایەن چەکدارانی کۆماندۆ وە ڕووبەڕووی هەراسانکردن و چاولێ سورکردنەوە و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان دەبنەوە.
میلیتاریزەکردنی سلێمانی تەنیا مەسەلەیەکی سیاسی نییە. ئەمە گۆڕانێکی قووڵە لە ناسنامەی شارەکەدا. سەرهەڵدانی ئەو هەموو گروپە چەکدارە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پێکهاتەی دیموکراسی شارەکە هەبووە. کاتێک جاران مشتومڕی گەرم لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی و کەلتووری کوردی هەبوو، ئێستا گفتوگۆ لەسەر ململانێی دەسەڵات لە نێوان گروپە چەکدارەکان و ڕازی کردنی دڵی ڕەیان کلدانییە.
گەشتی/ سلێمانی لە بابانییەکانەوە تا ڕەیان کلدانی/ تراژیدیایە بۆ گەلی کورد و کەلەپوورەکەی ئەم شارە کە پێشتر نیشانەی ناسنامەی کوردی و ئازادی ڕۆشنبیری بوو، ئێستا لە ژێر قورسایی گەندەڵی و سەرکوتکردنی چەکداریدا دەناڵێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، هێشتا هیوایەک ماوە کە سلێمانی بتوانێت پێگەی خۆی وەک پایتەختی ڕۆشنبیری کوردی بەدەست بهێنێتەوە.
خۆڕاگریی خەڵکەکەی کە بەرگەی ئەوەندە دەگرن بەڵگەیە لەسەر بەهێزبوونی ناسنامەکەی هەرچەندە شارەکە لە ژێر هەڕەشەدا بێت، بەڵام لەدەست ناچێت. هێشتا کات ماوە بۆ ئەوەی سلێمانی سەرلەنوێ سەرهەڵبداتەوە و وێنەی خۆی وەک شاری میلیشیاکان لاببات.
دەزانین دانیشتوانی سلێمانی بێ هەڵوێست نین لە ئاست ئەم ناڕاوەیەتییە گەورەیەی دەسەڵاتدارانی یەکێتی دژ بەشارەکە ئەنجامی دەدەن. هێشتا زۆر کەس شیوەن بۆ لەدەستدانی دیمەنی ڕۆشنبیری و هونەری شارەکە دەکەن و بڕیاریان داوە لەکاتی دەنگدان تۆڵەی خۆیان لەیەکێتی بکەنەوە