ڕووخانی ئەسەد و داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسی لە سووریا

ڕووخانی ئەسەد و داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسی لە سووریا
ڕووخانی ئەسەد و داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسی لە سووریا

نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتداری ئێستای دیمەشق، لە بارەگای سەرەکی خۆیانەوە لە ئیدلب دەستیان بە هێرش کرد، تا ئەو کاتە، کەم کەس بیریان لەوە دەکردەوە ئەم هێرشانە ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمی سووریا. ئێستا چارەنووسی بەشار ئەسەد، دوای 25 ساڵ لە دەسەڵات کۆتایی پێ هاتووە و سووریا کراوەیە بۆ چەند سیناریۆ  و ئەگەرێک کە دیمەنی سیاسیی و هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.

زۆر سیناریۆ هەن لەوانەیە ببنە هۆی گۆڕینی بارودۆخی ناوچەکە و گەیشتن بە نەخشەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ڕووخانی ئەسەد زۆر هاوکێشە دەگۆڕێت، مەبەست لەم سیناریۆیە تەنیا ڕووخانی ئەسەد نییە، بەڵکو گۆڕینی تەواوی سووریایە، تا ئەم ساتە، پلاندانەرانی نێودەوڵەتی هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئەو مەبەستە نەناوە، چونکە بەربەستی زۆر هەیە.

بێ هیچ گومانێک ڕووخانی بەشار ئەسەد، خاڵی وەرچەرخانە بۆ سووریا، که لە دوای کۆچیدوایی باوکی (حافز ئەسەد) لە ساڵی 2000 دەسەڵاتی لە سووریا گرتە دەست و بە "مشتێکی پۆڵاینەوە" وەک دیکتاتۆرێک بۆ ماوەی 24 ساڵ حوکمڕانی کرد.
بەشار ئەسەدی گەنج، پێکهاتەیەکی سیاسی زۆر کۆنترۆڵکراو و سەرکوتکەری لە باوکییەوە بە میرات بۆمابووەوە، تێیدا ناکۆکی و بەرهەڵستکاری جێگەیان نەدەبووەوە.
حافز ئەسەدی باوکی 29 ساڵ لە دەسەڵاتدا بوو و دوای ئەوەی حکوومەت ڕادەستی بەشار کرا، ئەوکاتە گەلی سووریا،  هیوای ئەوەی دەخواست ئەو سەرکوتکارییە کەم بکاتەوە و کەشێکی کراوەتر بۆ وڵاتەکە دروست بکات، بەڵام ئەو هیوایانە دوای ماوەیەکی کورت بە با چوون. هەر زوو بەشار ئەسەد، لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بە پەنابردن بۆ توندوتیژی و هێز، ناڕەزایەتیی ئاشتیانەی خەڵکی سووریای کپ کرد و بە کردەوەکانی شەڕی ناوخۆی لەم وڵاتە هەڵگیرسان.
شەڕی ناوخۆی سووریا، کە لە ساڵی 2011 بە خۆپیشاندانی ئاشتیانەی خەڵکی ئەو وڵاتە دژی ڕژێمی ئەسەد دەستی پێ کرد، لە ئەنجامدا زیاتر لە 500 هەزار کوژراو و شەش ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.
سەرهەڵدانی داعش لە لایەک و هاتنە ناوەوەی هێزەکانی پاڵپشتیی ڕژێمی ئەسەد وەکوو سوپای پاسداران و هێزەکانی ڕووسیا،  جگە لەوەش هێزە کوردییەکان بەشێکی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کرد. 

گۆڕانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ڕووخانی ئەسەد

دوای کۆتایی هاتنی پێنج دەیە لە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەدییەکان لە سووریا، جارێکی دیکە هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگۆڕێت. لەگەڵ دیمەنی ڕووخانی دیمەشق، کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە شایەتی گورزێک لە پێگە و نفوزی ناوچەیی خۆی بوو، چونکە ڕژێمی ئەسەد ڕۆڵی سەرەکیی لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و حزبوڵلای لوبناندا دەگێڕا و سووریا کەناڵی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بوو لە ئێرانەوە بۆ حزبوڵلای لوبنان. 

دوای زیاتر لە ساڵێک شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، حزبوڵلا بە تەواوی لاواز بووە و چارەنووسێکی نادیاری هەیە. هەروەها حوسییەکانی یەمەن کە گرووپێکی دیکەی بە وەکالەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، حاڵیان لە حاڵی حزبوڵلا باشتر نییە و لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندان جار  هێرشی ئاسمانییان کراوەتە سەر.

بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تاقمەکانی دیکەی پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا، وەک میلیشیا شیعە عێراقییەکان و حەماس لە غەززە، دەکرێت بڵێین ئەوەی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران پێی دەڵێن: "بەرەی مقاوەمە" لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

ئیسرائیل، هەمیشە کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەکی ڕژد زانیوە و هەر لەبەر ئەم هۆیەش ​​دوای لاوازکردنی "بەرەی مقاوەمە" پێشوازیی لە گۆڕانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.


ڕێبازی تورکیا بەرامبەر پێشهاتەکانی سووریا چۆن دەبێت؟

دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، پەنابەرانی سووری لە هەندێک ناوچەی تورکیا ئاهەنگیان گێڕا  و زۆرێکیان خۆشحاڵیی خۆیان بە ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان دەربڕی.

تورکیا، سنوورەکەی 911 کیلۆمەتری لەگەڵ سووریادا هاوبەشە و لە سەرەتای دەست پێ کردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011ەوە، یەکێک بووە لە لایەنگرانی سەرەکیی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە تووندڕەوەکانی دژبەری ئەسەد. لە کاتێکدا بەرپرسانی تورکیا بە توندی ڕەتیان کردووەتەوە هیچ دەستێکیان هەبێت لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا، بەڵام پێ دەچێت ڕووداوەکانی سووریا هاوتەریب بن لەگەڵ ئامانج و خەونە دێرینەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا، کە بەبێ ڕەزامەندی ئەنقەرە نەدەکرا ڕووبدەن.
بۆ نموونە، دوابەدوای سەرهەڵدانی ڕووداوەکانی سووریا، تورکیا توانی لە ڕێگەی "سوپای نەتەوەیی سووریا" هێزە کوردییەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پاڵ بنێتەوە دواوە.

ئەگەرچی تورکیا هەمیشە پشتیوانیی خۆی بۆ یەک پارچەیی خاکی سووریا ڕاگەیاندووە. دواهەمین شت کە تورکیا دەیەوێت، ئەو هەرێمەی  ژێر دەسەڵاتی کوردە لەسەر سنوورەکانی یان ناردنەوەی شەپۆلێکی نوێی پەنابەرانە لە ناسەقامگیرییەوە بۆ هەرێمە کوردییەکان.

ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕووخانی حکوومەتی سووریا مەترسی بۆ تورکیاش هێناوەتە ئاراوە، لەوانە ئەگەری ئاژاوەگێڕی. گەورەترین مەترسی کە تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕێگریکردن لێی هەڵوەشاندنەوەی سووریایە، چونکە ئەگەر سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بێتەدی، پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات بەتایبەتی هێزە کوردییەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی لە سووریا و ئەمەش بە دڵی ئەنقەرە نابێت.