چین وەک جەمسەرێکی جیهانی!

چین وەک جەمسەرێکی جیهانی!
چین وەک جەمسەرێکی جیهانی!

لەسەر بانگهێشتی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر ساڵی پار و ئەمساڵیش دەرفەتی سەردانیکردنم بۆ ئەو وڵاتە فەراهەم بوو، ئەو جیاوازییەی لە ڕووی پێشکەتنەوە لە نێوان ئەم دوو سەفەرەکەمدا بینیم جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، چونکە خەڵکی چین شەڕ لەگەڵ کات دەکەن و شەو و ڕۆژ کار دەکەن، وەک دەڵێن، ئاو ڕابوەستێ خەڵکی چین ڕاناوەستن، بۆیە لە ڕووی ژێرخان و سەرخانەوە موعجیزەیان خوڵقاندووە.

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، چین وڵاتێکی هەژار و داخراوبوو، پاش کرانەوەی بە بەڕووی جیهاندا، ئەمڕۆ چین یەکێکە لە زلهێزە ئابورییەکانی دونیا و خواستی هەیە کە ببێتە یەکێک لە زلهێزە جیهانییەکان لە هەموو بوارەکاندا، هەتا وەک جەمسەرێک لە جەمسەرەکانی دونیا مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت، چین ئەم وەرچەرخانە وەها دەبینێت کە تەنیا گەڕانەوەیە بۆ ئەو دۆخ و ئاراستەیەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان چین هەیبوو.

لە مێژوودا چین  بە چەنگگۆ Zhongguo (中国) ناسراوە، کە بە مانای پانتایی ناوەند یان بە شێوەیەکی فراوانتر بە شانشینی ناوەند ناسراوە، بەڵام پاش هاتنی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی چین ئەم پێگە ناوەندییەی لە دەستدا، ئەمڕۆ دەیەوێت بۆی بگەڕێتەوە.

پێشکەوتنی چین لە ماوەی (30-40) ساڵی ڕابردوودا لە زۆر بواردا سەرسوڕهێنەرە، چین بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕایبگەیەنێت، دەیەوێت بە شێنەیی وەک جەمسەر و وهێزێکی تازەی جیهانی خۆی بسەلمێنێت. ئەویش لە ڕێگای نمایشکردنی ژێرخان، سەرخان، تەکنەلۆژیا، بازاڕ، ئابووری، کاڵا و هێزی نەرم. لەم ڕێگەیەوە خەریکی ئەوەیە ببێت بە جەمسەرێکی پێشکەوتووی جیهان. بە جەمسەربوون بەلای چینییەکانەوە ئاوێتە و تێکەڵە بە پڕۆژەیەکی تر کە بە (ڕێگەی ئاوریشم) یان پشتێنە و رێگە (Belt and Road initiative) ناسراوە.

ئامانجی سەرەکی دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگە بەلای چینییەکانەوە، پێکەوە بەستنەوەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی کردنی چین بە پانتایی ناوەند. ڕێگە دروستکردن هەمیشە بەشێک بووە لە بونیادی ئمپراتۆریەتەکان. ئەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمی پێ دەناسرێتەوە لە هەموو شتێکی تر، زیاتر دروستکردنی ڕێگەیە. پشتێنە و ڕێگاش پرۆژەی ئامادەبون و پەیوەستکردنی چینە بە دونیا و هەروەها دونیا بە چینەوە.

لەم ڕوانگەوە دەکرێت چەند ڕەهەندێکی جەمسەربوونی چین دەستنیشان بکەین:

1ـ چین بەهەمانشێوەی ڕووسیا دەیەوێت ڕابردوو و یادەوەری و سنوور و کەلەپورە سیاسی - فکرییەکەی لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بیر دنیا و گەلانی ناوچەکە بهێنێتەوە. سەرەتا نەخشەی کۆن بیر خەڵک دەهێنێتەوە کە دوێنێ چی بوویت و چۆن ژیاویت. بەیانی دەتەوێت ببیت بەچی و چۆن دەردەکەویت!، ئەمە کڕۆکی داڕشتنی هێز و بەناوەندبوونە بۆ چین.

 2ـ لەهەناوی ئەم ستڕاتیج و هێلکارییەدا ناسیۆنالیزمی چینی ئامادەیە، بەڵام تێکەڵ بە چەپی چینی، وەک چۆن ڕووسیای پۆتین  هەندێک جار ئاماژە بە ڕووسیای قەیسەری دەکات بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوچەکە. چینیش هەوڵێکی وا دەدات لەڕێگەی ئیتنۆ-کۆمۆنیزمەوە بەڵام بەبێ ئەوەی سەروەری هیچ وڵاتێک ببەزێنێت و پشتیوانی گرووپی جوداخواز و کەمینەکان بکات. چونکە چین لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە و تۆڕێکی فرە پێکهاتەیە و پڕە لە ئەکتەری جیاواز و ئیتنیکی جوداخواز. 

3ـ چین لە ڕێگەی تەکنەلۆجیا و ژێرخان و تۆڕێک لە ڕێگە و شاڕێگە و گواستنەوە بیر لە بەیەکەوەبوون دەکاتەوە، بەجۆرێک لە داهاتوو بەئاسانی لەگەڵ جیهاندا بێت و ئاسان لەگەڵ جیهاندا بژی و دەستی بەهەموو بازاڕ و یەکەکان بگات، بەتایبەت ئەم دنیا ئابووری و فەرهەنگییەی کە دەکەوێتە نێوان دەریای سپی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی و دەریای ڕەش و قەزوین. سەرەتا چین دەیەوێت بگات بە پانتایی ناوچەکە و دواتریش لەوێوە بکشێت و بازنە جیۆسیاسییەکەی خۆی فراوانتر بکات، لێرەوە ڕۆژهەڵات دەروازەیەکە بۆ گەیشتن بە جیهان.

4- چین عەشقی هێزی نەرم و تیژە Soft and Sharp power و کاردەکات لە ڕێگەی ئەم فۆڕمەی هێزەوە بکشێت و بێتە نێو جیهان و سیستمی سیاسی تازەوە (دوو جەمسەری یان فرە جەمسەری) بەتایبەت کولتوور و فەرهەنگسازی، شێوەی ژیان، زیرەکی دەستکرد، چیپس و شێوەی کۆگاکردنی داتا و زمانی چینی. لەهەرێمی کوردستان سەنتەری فێربوونی زمانی چینی، بەشی چینی لە زانکۆکان و سەنتەری چینناسی ئامادە و کارایە و تەنانەت ڕێککەوتن لەگەڵ تی ڤییەکی کوردیشدا کراوە بۆ پرسی درامای چینی و پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی وەک بەشێک لە هێزی نەرمی چینی.

لەڕاستیدا فێربوونی زمانی چینی رۆژانە لەهەڵکشاندایە و خواستی لەسەرە، ئەگەرچی چین لەهزری ئێمەدا لەڕێگەی ئەم کاڵایەوە دەناسرێت کە لەسەری نووسراوە Made in China ، بەڵام چین بەشێوەیەکی تر بیردەکاتەوە و دەیەوێت ئەو وێنە ئابوورییە بگۆڕێت و لەڕێگەی فەرهەنگەوە خۆی نمایش و پێناسەبکاتەوە!.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا دنیای ئێمە کەمێک دوورە لە چینەوە!، دووری جوگرافی نا، دووری لە ناسین و تێگەیشتن، لە بیرکردنەوە و خەیاڵی سیاسی و جیۆسیاسی چین. ئەو وڵاتە لای ئێمە واناسراوە کە بەرهەمهێنەری کاڵای خراپ و لاواز و بێ ناوکە. دیارە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەم لەسەر ئەدەبیات و مەعریفە و مێژووی چین بە زمانی کوردی نوسراوە! چینناسی نەبووە بە مەیدانی کاری ئێمە، چینناسمان زۆر کەم و دەگمەنە.

بەکورتی چین ئەمڕۆ هێزێکە دەیەوێت ببێت بە ناوەند و جەمسەر و بڕیاردەر. ئەم ناوەندبوونە هانی دەدات گوتار، زمان، پڕۆژە و یەکەی جیۆستڕاتیژی تازە دابڕێژێت بۆ ئەوەی بگات بە زۆر شوێن و ناوچەی جیهان. بگات بە ئاسیای ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنورەکانی تر. ئامێری بنەڕەتی ئەم گەیشتن و باڵابوونە (پڕۆژی ئاوریشم) یان (پشتێنە و ڕێگایە) بەتایبەت گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین، ئەم پڕۆژەیە زۆر دیاردە، گۆڕانکاری گەورە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، سەرەکیترینیان بە جەمسەربوونی چین و فرە جەمسەربوونی جیهانە.