بۆحەلبووسی، کوردستان هێزی یاسایی هەیە و عێراقیش هێزی تائیفی و ملیشیا

هێزەکانی لیوای 22ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە
هێزەکانی لیوای 22ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە

هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی سەربازی یاسایی و شەرعییە و لەپێناو ئەرکێکی پیرۆزدا دامەزراوە، ئەویش پاراستنی هەرێمی کوردستان و قەوارە یاسایی و شەرعییەکەیەتی لە هەڕەشەی دەرەکی.

بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی هەندێک لایەن لە نەیارانی کوردستان، پێشمەرگە هەرگیز بۆ خزمەتکردنی هیچ ئەجێندایەکی سیاسی یان دژایەتیکردنی هیچ  گروپێکی نەژادی دیاریکراو دروست نەبووە، بەڵکو وەک باڵی سەربازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە لە چوارچێوەی یاسای عێراقدا کار دەکات و دانیشتوانی ناوچەکە دەپارێزێت بە کورد و عەرەب و مەسیحی و ئێزدی و پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەوە، ئەمەش لەسایەی هێزی هێزی پێشمەرگەوەیە، کە کوردستان بووە بە قەڵای ئاسایش و ئارامی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە.

 لەم دواییانەدا، محەممەد حەلبووسی سەرۆکی لە کارلادراوی پەرلەمانی عێراق، لێدوانێکی دا و دژایەتی خۆی بۆ پڕچەککردنی پێشمەرگە بە چەکی پێشکەوتوو دەربڕی، ئەم هەڵوێستە هەم نادادپەروەرانە و هەم دووڕووییە.

پێشمەرگە یەکێک بووە لە کاریگەرترین هێزەکانی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر، بەتایبەتی لە کاتی سەرهەڵدانی داعشدا. وەک ئەندامێکی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژە تیرۆر، هێزەکانی پێشمەرگە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و بە خوێن بۆ ئازادکردنی بەشێکی فراوانی عێراق لەدژی تیرۆرستان جەنگاون. تەنانەت زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق لەوانە ناوچە عەرەبییە سوننەکان بە خەباتی ئازایانەی پێشمەرگە لە چەکدارانی داعش پاککرانەوە.

حەلبووسی بە مەبەست دەیەوێت ڕۆڵی گرنگی پێشمەرگە لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهاندا پشتگوێ بخات. پێشمەرگە لە ڕیزی پێشەوەی شەڕی دژ بە تیرۆر بەشدارییەکی گەورەیان لە هاوپەیمانی جیهانی دژە تیرۆر کردووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، زۆر ناوچەی عێراقیان لە چنگی داعش پاککردەوە و پەناگەیەکی ئارامیان بۆ ئاوارەکان دابین کرد.

نمەکی کورد سوێرە و حەلبووسی بێ ئەمەکە بەرانبەر ئەو ڕاستییەی کە هەرێمی کوردستان پەناگەیەکی پارێزراو بووە بۆ هەزاران عەرەبی سوننە کە بەهۆی توندوتیژی داعشەوە ئاوارە بوون. لە کاتێکدا زۆربەی ناوچەکانیان کەوتووبوونە ژێر هەڕەشەی گروپە تیرۆریستییەکانەوە، هەرێمی کوردستان دەرگاکانی بۆ پەنابەرانی سوننە کردەوە کە لە توندوتیژی هەڵهاتبوون و پەنایان بۆ کوردستان هێنابوو. تەنانەت کاتێک لایەنی شیعەی عێراقی حەلبووسیان لەپۆستەکەی دوورخستەوە و پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد، ژیانی خۆی و خێزانەکەی لە مەترسیدایە، پەنای هێنا بۆ کوردستان و خۆی و خیزانەکەی لە سایەی ئارامی هێزی پێشمەرگەدا دەژیان.

 ئامانجی حەلبووسی ڕوونە،  لە کاتێکدا  دژی پڕچەککردنی پێشمەرگە قسە دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی گوماناوی بێدەنگ دەبێت سەبارەت  بە گروپە چەکدارە تائیفییەکان و میلیشیا  شیعییە نایاساییەکان کە لە عێراقدا هەن و پڕچەککراون. ئەم میلیشیایانە کە زۆربەیان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی دەوڵەتی عێراق کار دەکەن، بەرپرسن لە چەندین کردەوەی توندوتیژی و مەترسی بۆسەر ئاسایشی عێراق، ئەم میلیشیایانە کە بە یاسایی گوماناوی کار دەکەن و لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی عێراقن، هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق دروست دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، حەلبووسی ناوێرێ ڕووبەڕووی ئەم میلیشیایانە ببێتەوە یان ڕەخنەیان لێ بگرێت.

ڕوونە سەرۆکی لەکارلابراوی پەرلەمان، دەیەوێت لەسەر حسابی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی گرنگی لە سەقامگیری عێراقدا، دەیەوێت خۆی لەلایەنی شیعە نزیک بکاتەوە و وەلائی خۆی بۆ ئەوانە دووپات بکاتەوە کە لە پۆستەکەی دووریان خستەوە، تا چاوپۆشی لە هەڵوێستەکانی ڕابردووی بەرامبەر لایەنی شیعە و گەندەڵییەکانی بکەن، هەروەها لە بەردەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ حزبەکەی یارمەتی بدەن.