دژه‌ تیرۆر ده‌چێته‌ ناو گه‌ڕه‌كی موسەنای موسڵ‌ و داعشیش هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر قه‌زای دۆر

هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراق چوونه‌ته‌‌ ناو گه‌ڕه‌كی موسه‌نا له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ، له‌ كاتێكدا داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر قه‌زای دۆر له‌ نزیك شاری تكریتی ناوه‌ندی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین

K24 – هه‌ولێر

هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عێراق چوونه‌ته‌‌ ناو گه‌ڕه‌كی موسه‌نا له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ، له‌ كاتێكدا داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر قه‌زای دۆر له‌ نزیك شاری تكریتی ناوه‌ندی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین.

عه‌مید شوكر نوعێمی فه‌رمانده‌ی لیوای 73 سوپای عێراق رایگه‌یاند هێزه‌كانی دژه تیرۆر به‌ پشتگیری  فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان و عێراقی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆ ده‌ستیان به‌ هێرش كرد بۆ چوونه‌ ناو گه‌ڕه‌كی موسه‌نا.

گوتیشی هێزه‌كانیان له‌ رووباری (الخوصر) تێپه‌ر بوونه و چوونه‌ته‌ ناو گه‌ڕه‌كی موسه‌نا.

رووباری (الخوصر) لقێكی رووباری دیجله‌یه‌‌ كه‌ شاری موسڵی بۆ دوو به‌شی چه‌پ و راست دابه‌ش كردووه‌.

چه‌كدارانی داعش به‌ هێرشی خۆكوژی و نیشانه‌شكێن به‌ره‌نگاری هێزه‌كانی عێراقی له‌ گه‌ڕه‌كی موسه‌نا بوونه‌ته‌وه‌.

هاوكات له‌گه‌ڵ نوێترین پێشڕه‌ی هێزه‌كانی عێراقی له‌ موسڵ، چه‌كدارانی داعش هێرش ده‌كه‌نه‌ قه‌زای دۆر، هێشتا هیچ راپۆرتێك له‌باره‌ی زیانه‌كانی بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

هێزه‌كانی عێراقی زیاتر له‌ 70% به‌ری چه‌پی شاری موسڵیان كۆنترۆڵكردووه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ قوناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ‌ كه‌ رۆژی 29 كانوونی یه‌كه‌می 2016 ده‌ستیپێكرد، ته‌واوی به‌ری چه‌پی شاره‌كه‌ كۆنترۆل بكه‌ن و تا ئێستا له‌ كۆی 65 گه‌ڕه‌ك زیاتر له‌ 40 گه‌ڕه‌كییان كۆنترۆڵ كردووه‌.

ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی به‌ پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ده‌ستیپێكرد و سه‌رباری كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵ، به‌شی هه‌ره‌ زۆری رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ كۆنترۆڵ كراوه،‌ كه‌ به‌ به‌ری چه‌پی موسڵ ناسراوه‌.