بانگەشە گەرمتر و بەڵێنەكانیش گەورەتر دەبن
"دەتوانن لە رێگەی پڕۆژە یاساوە ھاوكاری خەڵك بكەن نەك بەڵێنی بەخشینی مووچە بدات"
K24 - سلێمانی
بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق گەرمتر دەبێت و تا دێت بەڵێنی جۆراو جۆری کاندیدەکانیش گەورەتر دەبێت. ھەندێك له كاندیدهكان دەڵێن، ئەگەر دەرچوون نیوەی مووچەکانیان دەبەخشن و ھەندێکی دیكەش بە ژمارە دەڵێن، چۆن و چهند هاوكاری خەڵکی و چینی جیاواز دەکەن، سەرۆکی لیستی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەڵێت ئهگەر دەرچوو ھیچ نابەخشێت، بەڵکو کار بۆ ئەوە دەکات بە یاسا ژیانی خەڵك بە گشتی باش بکرێت.
فاتیح سەنگاوی، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە بەرپرسانە مامەڵە دەكەین، ئەوەی ھەمان بووە لەگەڵ ھەژار و دەست كورتەكان بەشمان كردووە، لە داھاتووشدا ئەوە بە كردەیی دەبینن، ئەوەی دەیڵێین بە زیادەوە دەیكەین، لەبارەی بەخشینی مووچەكەم ئەگەر بووم بە پەرلەمانتار بڕیارمداوە، بەڵام ئێستا پێم خۆش نییە بیكەم بە موزایەدە، كە زۆرجار دەكرێت".
پارتی ئەمجارە بەدروشمی "دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان" بەشدار ھەڵبژاردنەکانی ئایندەی پەرلەمانی عێراق دەکات، کاندیدێکی پارتی لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بەڵێنی ژمارەیی بە خەڵك نادەن، نایشارێتەوە مووچەی پەرلەمانتاران لە کوردستان و عێراق زۆرە و پێویستە بە یاسا رێك بخرێتەوە.
سەردار قادر، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی دەڵێ: "ھیچ بەڵێنێك بە ژمارە نادەم بۆ رازی كردنی رای گشتی و جوانكردنی وێنەی خۆمان، بەڵام ئەوەندە دەڵێم دەبینە مایەی خێر و خۆشی بۆ ھەموو كەسانەی پێویستیان بە ھاوكاریكردن ھەیە".
گوتیشی: "ئەو مووچەیەی بۆ پەرلەمانتاران لە ھەرێمی كوردستان و عێراق ھەیە، مووچەیەكی ئاسایی نییە، لە ھەموو دونیا مووچەی پەرلەمانتار وەك پاداشت مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، نابێ مووچەكەی بەو رێژە زۆرەبێت".
جیاواز لە وتەی کاندیدەکانی دیکە سەرۆکی لیستی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەڵێت گەر دەرچوو ھیچ له مووچهكهی نابەخشێت، بەڵکو کار بۆ ئەوە ئەکات بە یاسا ژیانی خەڵک بە گشتی باش بکرێت.
تانیا تاھیر، سەرۆکی لیستی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "پەرلەمان رێكخراوێكی خێرخوازی نییە تا پەرلەمانتار بڵێت، مووچەكەم دەبەخشم بە چین و توێژێكی دیاریكراو، پەرلەمانتار دەتوانێت لە رێگەی پڕۆژە یاساوە ھاوكاری خەڵك بكات، ئەگەر ھەر پەرلەمانتارێك پێیوایە مووچەكەی زۆرە دەتوانێ لە رێگەی پڕۆژە یاساوە داوای كەمكردنەوەی مووچەی پەرلەمانتار و پلە باڵاكان بكات و داوای كردنەوەی سندوقێك بكات بۆ ھاوكاریكردنی ئەو چین و توێژانە بكات، بەرای من بەڵێندانی بەخشینی مووچە، موزایەدەیەكی بەرچاوە بە شعووری خەڵكی كوردستان".
ھ.م