لایەنە ناڕازییەکانی کوردستان و عێراق لە یەکتر نزیك دەبنەوە
"ھەموو رێكارە یاسایی و سیاسییەكان دەگرینەبەر"
K24 - سلێمانی
لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بێجگە لە گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانی و یەکگرتوو، لە عێراقیش کۆمەڵێك لایەنی ناڕازی ھەن کە وەك ئەم چوار لایەنە ژمارەی کورسییەکانیان زۆر کەمن یاخود دەنگی کەمیان بەدەست ھێناوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە دیارنییە ئاخۆ ئەم لایەنانەی کوردستان و عێراق کە خاڵێکی ھاوبەش لەنێوانیاندا ھەیە دەتوانن لە داهاتوودا ببنە ھاوپەیمان یان نا.
ھەڵوێستی لایەنە سیاسییە ناڕازییەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق نەگۆڕاوە، ئەوان دەڵێن، بۆ بەدەستھێنانەوەی دەنگەكانمان ھەموو رێگەیەك دەگرینەبەر. ئەو لایەنانە خاڵی ھاوبەشیان لەگەڵ بەشێك لە لیستەكانی عێراق ئەوەیە کە ئەوانیش وەك ئەو چوارلایەنە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان رازی نین، کە ئەمەش رەنگە ببێتە ھۆی رەخساندنی زەمینەی بەستنی ھاوپەیمانێتی لە نێوان ئەو لایەنانەدا.
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "مەرج نییە لێك نزیكیمان لەگەڵ ھەندێك لایەنی عێراقی ببێتە ھاوپەیمانێتی، بەشداریكردنی ئەو چوار لایەنەی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی عێراق لەنێو خۆیاندا تاوتوێ دەكرێت، لەبەر ئەوە ھێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردن. مەرج نییە ھەر چەند لایەنێك ناڕازی بن ھاوپەیمانییەتی بكەن، وەك یەكگرتووی ئیسلامی سوورین لەسەر ئەوەی لەگەڵ لایەنە ناڕازییەكانی دیكە پێكەوە سكاڵا و تانە یاساییەكان جێبەجێ بكەین، ھەوڵیش دەدەین تا كۆتایی ھەرپێكەوە بین".
کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان جەمسەرێکی ناڕەزایەتی ئەو ھێزانەیە لە ھەرێمی کوردستان کە دەڵێن، دەنگەکانیان بۆ لایەنێکی دیکە براون، لەگەڵ ئەوەشدا رایدەگەیەنێ، ھەر ھەنگاوێکیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ گەڕانەوەی دەنگەکانیانە بە رێگای سیاسی و دیپلۆماسی.
لەوبارەوە کامەران بابان زادە، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: "ئەو چوار لایەنە ھەموو رێكارێكی یاسایی و سیاسی دەگرنەبەر بۆ لابردنی ئەو زوڵمەی كە لە ھەڵبژاردن لە دەنگدەرانیان كراوە".
ئاماژەی بەوەدا: "سەبارەت بەو لایەنانەی كە لە بەغدا ھەمان بۆچوونیان ھەیە و پێیانوایە ساختەكاری كراوە و دەنگەكانیان فەوتاوە، حەرام نییە ئەگەر لایەنەكانی كوردستان لەگەڵ ئەو لایەنە عێراقیانە ھەماھەنگی بكەن، بۆ بە دەستھێنانەوەی مافە خوراوەكانیان لەو دەنگانەی كە لێیان دزراوە".
ھ.م