باندێكی مادەی ھۆشبەر لە سلێمانی دەستگیركران
زیاتر لە 3 كیلۆ مادەی ھۆشبەریان پێبووە
K24 - سلێمانی
دیار جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ھێزە ئەمنییەكانی سلێمانی باندێكی مامەڵەكردنیان بە مادەی ھۆشبەر دەستگیركرد".
عەمید جەلال ئەمین، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند: "ھێزەكانمان باندێكی مامەڵەكردن بە مادەی ھۆشبەریان دەستگیركردووە، ئەو باندە لە دوو كەس پێكھاتوون و خەڵكی ئێرانن، لەكاتی دەستگیركردنیان زیاتر لە 3 كیلۆ مادەی ھۆشبەریان پێبووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "بازرگانەكانی مادەی ھۆشبەر دوژمنی گەلی كوردن و دەیانەوێت گەنجانمان ئاڵودەی ئەو مادە قەدەخەكراوانە بكەن".
عەمید جەلال ئەمین ئاشكراشی كرد: "بڕیاربوو دوو نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبوانی مادە ھۆشبەرەكان لە ھەولێر و سلێمانی بكرێنەوە، بەڵام تائێستا ئەوە نەكراوە، چونكە بەكارھێنەرانی ئەو مادانە نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەر ھەیە".

ھ.م


