گۆڕان كۆنگرە دەبەستێ

"بڕیار دراوە و لیژنە دروست كراون"

K24 - سلێمانی

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، بزووتنەوەی گۆڕان هه‌ر چوار ساڵ جارێك ده‌بێ کۆنگرە ببەستێت، بەڵام بەھۆی کێشە ناوخۆییه‌كانیه‌وه‌ پێنج ساڵه‌ کۆنگرەی نه‌به‌ستووه‌، بزووتنەوەکە بۆ دەربازبوون لەم کێشانەی ھەیەتی و سارد كردنه‌وه‌ی دەنگە ناڕەزاییەکانی ناوخۆ، بڕیاریداوە لە سێ مانگدا خۆی نوێ بکاتەوە و کۆنگرە ببەستێت. ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەكەش ئاشكرای دەكات، لە سەرەتای مانگی 1ی ساڵی داھاتوو كۆنگرە دەبەستن.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ھەر لەسەرەتای لەدایکبوونییەوە بە رەخنە و په‌نجه‌ خستنە سەر کەموکوڕییەکان دەستی بە بەرنامە سیاسییەکانی کرد و ئومێدی لەلای بەشێك لە ھاووڵاتییان ھەڵچنی، بەڵام ھەڵوێستە ناڕوونەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، بزووتنەوەکەی بە دۆخێکی خراپدا برد و توڕەیی دەنگدەرانی گەیاندە لووتکە. مانگێك پێش ئێستا جڤاتی نیشتمانی سێ مانگی دیاریکرد تا کۆنگرەی دووەم ببەستن و کۆتایی بەو کییشانە بینێت کە دووچاری بزووتنه‌وه‌ بووە، بەڵام روون نییە ئاخۆ دەتوانێت لەو تاقیکردنەوەیەی سەر بکەوێ و ناڕه‌زایی و رووخساره‌كان بگۆڕێت.

رێبوار ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "بڕیارمانداوە كە ھەڵبژاردنی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان بكرێت و لە ھەمانكاتدا كۆبوونەوەی گشتی یان كۆنگرە بكرێت، ئەو بابەتە بڕیاری لەسەر دراوە و كۆتایی ھاتووە".

بەشێك لە سەرکردەکانی گۆڕان رایان وایە حزبەکەیان ھەڵقوڵاوی نێو خەڵکە، بۆیە سەرکەوتووانە ئەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش چوارساڵ جارێك دەبێت کۆنگرە ببەستێت، کەچی زیاتر لەساڵێك بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیووە، تەواوی ژوور و ئۆرگانەکانیش سەرقاڵن تا لەو کاتە كورته‌ی لەپێشیاندایە ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو بكه‌ن بۆ بەستنی کۆنگرە.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "كۆمەڵێك لیژنەمان دروستكردووە، بۆ ئەوەی تاوتوێی بارودۆخی ناوخۆ بكەین و كۆنگرە ببەستین، لە سەرەتای مانگی 1ی ساڵی داھاتوودا ھەم ھەڵبژاردنە ناوخۆییەكان دەكەین و ھەمیش كۆنگرە دەبەستین، رەنگە ھەندێك لە بڕگە و مادە دەستوورییەكەشمان دەستكاری بكەین".

 مێژووی دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی چواری ساڵی 2009، کە ئەوکات بزووتنەوەکە وەك قەوارەیەکی سیاسی و لیستێک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قبوڵکرا و بە نووسراوی ژمارە 13382 لە 31/5/2018 مۆڵەتی کاری فه‌رمی حزبایەتی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمەوە پێدرا.

ھ.م