خراپی رێگەوبانەكانی سلێمانی شوفێر و هاووڵاتییان نیگەران دەكات

خەڵکی سلێمانی داوای خزمەتگوزاری دەکەن

K24 - سلێمانی

ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی داوای چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی رێگە و شەقامەكانی شارەكەیان دەكەن و دەڵێن، رێگەكان خراپ بوون و كەڵكی ھاتووچۆكردنیان نەماوە، كەچی باران بارینی ئەمساڵیش زیانی زیاتری بە رێگەكان گەیاندووە و ئاستەنگی زۆری بۆ ھاتووچۆ دروستكردووە.

چاڵ و چۆڵ  وەک برینێکی سارێژ نەبوو بەرۆکی شەقامەکانی ناوشاری سلێمانی بەرنادات و تا دێت قوڵتر دەبنەوە، بەجۆرێک لە ھەندێک شەقامی سەرەکی دا شوفێرانی ناچارکردوە رێڕەوی ھاتووچۆیان بگۆڕن و لابدەنە سەر ئاراستەی بەرامبەر، کوچە و کۆڵانێک نەماوە لەو شارە بێ چاڵ و لەمپەر پیادە و شوفێر پیایدا تێپەڕێت. شارەوانی سلێمانی لە چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەی کارگەی قیڕەکاندان تا بتوانن بۆ چەند مانگی داھاتوو دەستبکەن بە نۆژەن کردنەوەو پڕکردنەوەی ئەو شەقام و کۆڵانانە.

لەبارەی ھۆكاری چاكنەكردنەوەی رێگە و شەقامەكانی سلێمانی. زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "ھۆكاری یەكەمی كەشوھەوایە كە ناكرێت بەم كەشوھەوایە رێگاكان قیڕ بكرێنەوە، ھەروەھا ئەو كارگەی كە قیڕ بەرھەم دەھێنێ ساڵانە خۆی پێویستی بە چاككردنەوە ھەیە".

رێگەوبانەکانی دەرەوەی شاری سلێمانیش خراپتر لە دۆخی رێگەوبانەکانی ناوەندی شار لە نەبوونی پلانی نۆژەنکردنەوەدا بوونەتە رێگەی ھات و نەھات و نەبوونی  دڵنیایی بۆ شۆفێران، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبانەکانی سلێمانیش داوادەکات کە حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بودجەیەکی زیاتر تەرخان بکات بۆ چاككردنەوەی رێگەوبانەکانی دەرەوەی شارەکان، چونکە وەک خۆیان دەڵێن بەو بڕە بودجەیەی ئێستا ھەیە رێگەوبانەکان دەبنە رێگەی مەرگ.

ئیبراھیم عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبانی شاری سلێمانی دەڵێ: "بەداخەوە بودجەكەمان زۆر كەمە و فریای چاككردنەوەی رێگەوبانەكان ناكەوین، ئێمە گلەیی خەڵكمان قبوڵە، بەڵام بودجەكە ھەر بەشی ئەوە دەكات كە دەكرێت. داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دەكەین بودجەمان بۆ زیاد بكەن، بۆ ئەوەی بتوانین رێگە و بانەكان چاك بكەینەوە، ئەو بودجەیەی لەبەر دەستمان دایە رەنگە بەشی 10% چاككردنەوەی رێگەكان نەكات".

ھ.م