هۆشداریی له پیسبوونی ژینگهی كوردستان دهدرێت
ماددە خراپەكان تێكەڵی ئاو و خاك دەبنەوە
سلێمانی
لە پێناو پاراستن و راگرتنی هاوسهنگیی سیستمی بەڕێوەبردنی زەوی، رێکخراوە ژینگەییه جیھانییەکان لە رۆژی جیھانی زیندەوەرە ھەمەجۆرەکاندا، ھەوڵی پاراستنی زیندەوەرەکانی سەر زەوی دهدهن، كە لەناوچوون و قڕ بوون، لە ھەرێمی کوردستانیش بە ھۆی بوونی چەندین کارگە و پیسبوونی ژینگە و نەبوونی ھۆشیاریی پێویست، ئەگەری زووتر پیسبوونی ژینگه و لەناوچوونی سروشت ههیه.
رەسوڵ عهتوان، یەكێكە لە كارمەندانی پاككردنەوەی شار لە سلێمانی، رۆژانە بە درێژایی شەقامەکان زبڵ و خاشاکی فڕێدراوە كۆ دەكاتەوە، جگە لە کۆکردنەوەی ئەو زبڵانە، کاریان ھێندهی تر قورس بووه، ئهویش بە جیاکردنەوەی شوشه و كانزاكان و چەندین کەلوپەلی زیانبەخشی تر، لە خۆڵ و خاشاکەکانی دیكە. ئەو دەڵێت "چەندین سەتڵی خۆڵی تایبەت بە خاشاکەکان دانراون، بەڵام ھاووڵاتیان بێ گوێدانە ژینگە و ماندوبوونی ئێمە، فڕێی دەدەنە سەر زەوی".
بە وتەی ژینگەپارێزان و پسپۆرانی ئەو بوارە، ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە بەردەم مەترسیی گەورەی پیسبوون دایە، خاشاکەکانی وەک شوشە، پلاستیک، پاتری و چەندین مادددەی زیانبەخش، بە ھەزاران ساڵی پێویستە، تا لهناو خاكدا شی ببنهوه، بهمهش کاریگەریی راستەخۆیان لەسەر مرۆڤ، سروشت، لەناوچوونی چەندین زیندەوەر و تێکچوونی باڵانسی سروشتی زەوی دهبێت.
ساڵح مهجید مهجید، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری زانستە ژینگەییەکان، بە كوردستان24ی گوت: "كاتێك پاشەڕۆكان فڕێ دەدەین، تێكەڵ بە ئاو و خاك دەبن و دەچنە پرۆسەی شیتەڵبوون، بۆیه ئهو دهمهی كەسێك ئەو ئاو و خاكە بەكار دەھێنێتەوە، كاریگەرییەكە لەو رێگەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو جەستە".
لە ساڵی 2000ـهوه کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان 22ی مانگی ئایاری بە رۆژی جیھانیی زیندەوەرە ھەمەجۆرەکان دیار كرد، بە گوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، زیاتر لە 8 ملیۆن زیندەوەر لەسەر زەوی ھەن، ھەرکات یەکێک لەو زیندەوەرانە بەرەو لەناوچوون بچێت، ئەوکات باڵانسی سیستمی بەڕێوەچوونی ژیان لەسەر زەوی ئەشێوێت، ھەرێمی کوردستانیش بە ھۆی نەبوونی ریسایکلین، ههڕهشهی پیسبوونی ژینگەی لهسهره.
ھ.م
