به‌كارهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان لە كوردستان زیادی كردووە

لە ماوەی چوار مانگدا 45 کەس لە سلێمانی لەسەر ئەو ماددانە دەستگیر كراون

K24 - سلێمانی

بە ھۆی زیادبوونی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان لە ھەرێمی کوردستان، ھەڵمەتێکی ھۆشیارکردنەوەی تاک لە ناوەندە زانستییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی پێ کرد، ئەمەش بە ئامانجی خستنەڕووی مەترسییەکان‌ لەسەر کەسانی تووشبوو بە ماددەکان و نەھێشتنیان. بە وتەی پسپۆرانی دەروونی، پێویستە کەسی تووشبوو، چارەسەر بکرێ، نەک بکرێتە زیندان.

لەو بارەیه‌وە دکتۆر محەمەد خانی، پسپۆڕی دەروونی، بە كوردستان24ی گوت: "بڕوامان وایە نابێت كەسی تووشبوو بە ماددە ھۆشبەرەكان ببرێتە زیندان، چونكە لە زیندان چاك نابێت، بەڵكوو خراپتر دەبێت و پەیوەندیی دیكەش دروست دەكات، بەڵام ئەگەر وەك نەخۆش تاماشا بكرێت، ئەوا كۆمەڵگەش باوەشی بۆ دەكاتەوە و دەرمان و چارەسەری پێ دەدرێت و رەفتاری مرۆڤانەی بەرامبەر دەكرێت".

رای شارەزیان وایە، گەر ئەو چارەسەرانەی ھەن بۆ رێگریکردن لە بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان جێبەجێ نه‌کرێن، ئەوا بەکارھێنەران زیاتر دەبن.

عەمید ئاری مەعرووف، بەڕێوبەری بەشی ئاراستەکردن و رابەریی لە پۆلیسی سلێمانی دەڵێ: "پێویستە سوود لە ناوەندە ئەكادیمی و زانستییەكان وەربگرین، بۆ ئەوەی پێش بەو دیاردەیە بگیرێت".

بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان لە سلێمانی، ته‌نیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاد لە 45 کەس بە ھۆی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان دەستگیر کراون و 62 کەسیش سزا دراون، ھاوکات 11 کیلۆ حەشیش، دوو کیلۆ تلیاک، نیو کیلۆ ماددەی ھیرۆین، 140 گرام ماددەی کریستاڵ و ھەشت ھەزار و 500 ده‌نکه‌ حەبی ترامادۆڵ و حەبە جۆراوجۆرەکانی دیکەی قه‌ده‌غه‌كراو، لەناو براون.

ھ.م