كرده تیرۆریستییهكانی داعش له عێراق زیاتر دهبێت
له ماوهیهكی كهمدا چهندین كردهی تیرۆریستییان ئهنجامداوه
K24 - ههولێر:
سەرەڕای ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی هێزە هاوبەشەکانی عێراق، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی، بەڵام تا ئێستا شانە نوستووەکانی داعش لە چەندین ناوچە چالاکی ئەنجامدەدەن.
لە نوێترین کردەوەکانی داعش، کوژرانی سێ هاوڵاتی کورد لە خانەقین و سێ پۆلیس لە موسڵ بوو، لە بەرامبەریشدا سوپای عێراق، کوژرانی ژمارەیەک چەکداری داعشی لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین راگەیاند.
کاتێک سەیری ئەو دیمە ڤیدیۆیانە دەکەیت کە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویدەکاتەوە، ئەو بڕوایە لای خەڵکی عێراق دروست دەبێت، کە داعش نەوەک هەر کۆتایی هاتووە بەڵکو ناتوانێت جارێکی دیکە جێ پێیەکی خۆی لە عێراق بکاتەوە.
بەڵام ئەوەی لە واقیعدا هەیە شتێکی ترە، تەنیا لە ماوەی کەمتر لە بیست و چوار کاتژمێردا چەندین رووداوی ئەمنی و هێرش و تەقینەوە لە چەندین ناوچەی عێراق لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە.
وەک سەرچاوەیەکی ئەمنی لە خانەقین بە کوردستان٢ـی راگەیاند، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر فەوجی یەکی سەر بە لیوای هەشتی پاسەوانی سنوور لە نزیک گوندی مێخاسی سەر بە خانەقین، سێ هاووڵاتی کوردی دانیشتووی گوندەکە کوژران.
هاوکات محەمەد جبوری گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا رایگەیاند: "لەکاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس، لە شارەدێی شۆرەی باشووری موسڵ، بۆمبێکی چێندراو تەقیەوە و بەهۆیەوە سێ پۆلیس کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو، لە بەرامبەردا نۆ چەکداری داعش دەستگیرکران".
لە پرۆسەییەکی هێزە هاوبەشەکانیش لە ناوچەی ئوم توس لە بیابانەکانی شامییە لە باکووری ئەنبار، 12 چەکداری داعش کوژران و سێ ئۆتۆمبێلی چەکداران و حەشارگەیەک تەقێنرانەوە و لە ناوچەیەکی سەربە پارێزگای سەڵاحەدینیش، 11 چەکداری داعش کوژران کە یەکێکییان والی بووە.
تا ئێستا شانە نوستووەکانی داعش لە چەندین ناوچەی جیاجیا پارێزگاکانی، ئەنبار، سەڵاحەدین، نەینەوا، دیالە و کەرکووک چالاکن و بەهۆی کردەوەکانی تەقینەوە، کوشتن و رفاندنەوە، ژمارەیەکی زۆری خەڵک جارێکی دیکە ئەو ناوچانەیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوونەتەوە.