عادل عەبدولمەهدی: مووچە بە سەرجەم خێزانە هەژارەکان دەدەین

داهاتی پێویستیان نییە بۆ بژێوی

K24 – هه‌ولێر:

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە مووچە بەسەرجەم ئەو خێزانانە دەدەن، کە داهاتی پێویستیان نییە بۆ بژێوی.

درەنگانی شەوی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەبەردەم دوو بژاردە داین یان بێ ده‌وڵه‌ت یاخود ده‌وڵه‌ت و دەمانەوێت بنیاتی بنێین.

ئاماژەی بەوەشدا، "چەندین ئەزموونمان تاقیکردەوە چەندین هەڵەمان کرد، تا گەیشت بەو سیستەمە دیموکراسییە".

هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە رێگە نادەن رەشبینی بەسەر گەلدا زاڵ بێت، کە دەیەوێت خزمەت بکات و راستگۆیانە کار بکات. سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، کە پڕۆژەیەکی هەیە پێشکەشی ئەنجوومەنی وه‌زیرانی دەکەن، بە گوێرەی پڕۆژەکە هەر خێزانێک کە داهاتی پێویستیان نییە بۆ بژێوی مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، باوەڕیان بە سیاسەتی جێگرەوەی نیشتەجێبوون هەیە بەر لەوەی تەجاوزەکان دەربکەن، بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان بە دابەشکردنی زەوی نیشتەجێبوون کردووە.